"عەلوەی ئاکرێ دەبێتە گەورەترین عەلوە لەسەر ئاستی عێراق"

ئاکرێ -KDP.info- خاوەنی پڕۆژەی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ باس لەوە دەکات "بەشێکی عەلوەکە تەواو بووە و کراوەتەوە، ئێستا کڕین و فرۆشتنی تێدا دەکرێت و کارکردن لەبەشەکانی دیکەش بەردەوامە.
حەتەم ھەنارەیی، خاوەنی پڕۆژەی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردی بناغەی بۆ پڕۆژەی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ داناوە، ئێستا نزیکەی ٦٥%ی تەواو بووە، بەشێکی عەلوە و عەلافەکان تەواو بووە و ڕادەستی خەڵک کراوە و تێیدا دەستبەکار بوونە، ئێستا کار لە قۆناغی دووەمی عەلوە و عەلافەکان دەکرێت لەگەڵ ساردکەرەوەکان، جگە لەوە چەند پێشانگایەکی گەورەش دروست دەکرێن، بەگشتی ١١٢ دوکانە کە ٤٨ عەلوە لەخۆ دەگرێت، ١٩ ساردکەرەوە و ٥٥ ھۆڵی گەورەیە، ھەندێک بۆ بازرگانی و مارکە جیھانییەکانە، ٢٠ کۆگای گەورەی عەلافی تێدایە کە ھەر یەکێکیان ٤٥٠ مەترە."
حەتەم ھەنارەیی گوتیشی "ئێستا لە سێ قۆناغ کار بەردەوامە، یەکێکیان ڕێگای سەرەکییە بۆ ٣٥ ھۆڵی بازرگانی، لە قۆناغی دووەم بۆ عەلوە و عەلافەکانە، لە ساردکەرەوەکانیش کارکردن بەردەوامە، ئێستا وەک قۆناغی یەکەم ١٩ ساردکەرەوە کاریا تێدا دەکرێت، لە قۆناغی سێ یەم عەلوەی ئاکرێ دەبێتە گەورەترین عەلوە لەسەر ئاستی عێراق کە ڕووبەرەکەی دەبێتە ٣٠٠ دۆنم و ٤٠ ساردکەرەوە و ھۆڵی گەورە و سایلۆ و چەندین کارگەی کشتوکاڵی و ھۆڵی پلاستیک لەخۆ دەگرێت، ھەر ھۆڵێک ٨ھەزار مەتر دەبێت، بەرھەمی خۆمانەی لێ بەرھەم دێت.
لە قۆناغی یەکەم سەرمایەی پڕۆژەکە ٢٢ملیۆن دۆلارە، لە قۆناغی دووەم دەگاتە نزیکەی ١٠٠ملیۆن دۆلار."
گوتیشی، لەقۆناغی یەکەم ٧٦ دوکانی عەلوە و عەلاف و ئاڵوگۆڕی دراو ڕادەستی خاوەنەکانیان کراون، کاری تێدا دەکەن، لە قۆناغەکانی دیکەش کارکردن بەردەوامە، ھەر کاتێک تەواوبێت ئەوانیش دەکرێنەوە، کە ھەر سێ قەزای ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخان سود لەو پڕۆژەیە وەردەگرن."
بڵند ئیبراھیم




