بەڵێن عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: سه‌رۆك بارزانی هه‌موو لایه‌كی خسته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌كی مێژووییەوە

ھەولێر-KDP.info- سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، پشتگیریی خۆی بۆ هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی بۆ یەکڕیزی ڕاگەیاند و دەڵێت، پێگه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه و جیهان، حیسابێكی زۆری بۆ ده‌كرێت، هاوکات وه‌ك لایه‌نه کوردستانییەکان پشتگیریی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی دەکەین به‌رامبه‌ر ئه‌و بەرپرسیارێتییە‌ی خستوویەتیه ئه‌ستۆی خۆی.
له دیمانه‌یەکی تایبەتدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا، سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، ڕایگه‌یاند: ڕه‌وشێكی نوێ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هاتووەته پێش و گۆڕانكاری ڕووی داوه، به‌تایبه‌تی دوای ڕووداوه‌كانی سووریا و له‌ناوچوونی ڕژێمی ئه‌سه‌د، هه‌روه‌ها گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن تره‌مپه‌وه و ڕه‌وشی ئێستای باكووری كوردستان و له دیداره‌كه‌ی جەنابیان له‌گه‌ڵ مه‌زڵوم عه‌بدی، هه‌م له‌گەڵ كه‌ناڵی شه‌مس، سه‌رۆك بارزانی بۆچوونی خۆی له تێكڕای ئه‌و پرسانه ڕاگه‌یاند و بڵاوی كرده‌وه و هه‌موو لایه‌كی خسته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییە‌كی مێژوویی، هه‌موو لایه‌كی خسته به‌رده‌م ڕۆشناییه‌كی حاشاهەڵنەگرەوە، هیوادارین هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌تێكڕا به‌تایبه‌تی لایه‌نه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان، گوێ له سه‌رۆك بارزانی بگرن و له خه‌می ڕه‌وشی میلله‌ت و وڵاته‌كه‌یاندا بن.
سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشان ڕووی لە حزبەکانی ڕۆژئاوایە و دەڵێ: یه‌كڕیزی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان گرینگه، ناكۆكییه‌كان به‌لاوه بنێن به‌هۆی چاره‌نووسی میلله‌ته‌كه‌مان له‌و ڕووداوانه‌ی هاتووەته پێش، پێموایه ئه‌گه‌ر لایه‌نه كوردییه‌كانی سووریا به كارنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش و نیشتیمانی دانوستان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی دیمه‌شق بكه‌ن، ئه‌وه بێگومان حیسابی زیاترمان بۆ ده‌كرێت و چاره‌نووس و داهاتووی میلله‌تی ئێمه له سووریا باشتر له‌به‌رچاو ده‌گیرێت.
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا ده‌شڵێت: له په‌یامه‌كه‌یدا بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كان، سه‌رۆك بارزانی ته‌ركیزی كرده سه‌ر ئه‌و پرسه و هه‌ردوو دیداره‌كه‌ی ئه‌مدوایه‌ی سه‌رۆك بارزانی، دیداری مێژوویی بوون.
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا له دیمانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد: ماوه‌یه‌كی زۆره ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا دوور له ده‌ستوور ده‌یانه‌وێ هه‌رێمی كوردستان له‌قاڵب بده‌ن و بچووكی بكه‌نه‌وه، فشارێكی زۆر له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پێویسته په‌له بكرێت له پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم و به یه‌كده‌نگی بكه‌ونه دانوستانێكی جیددی له‌گه‌ڵ به‌غدا، چۆك دانه‌ده‌ین به‌ده‌ر له ده‌ستوور و به‌ده‌ر له مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا درێژه به فشاره‌كانیان بده‌ن.
په‌یوه‌ست به پرۆسەی ئاشتی له باكووری كوردستان و ڕۆڵی سه‌رۆك بارزانی له پڕۆسه‌ی ئاشتی، به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێت: تاكه ڕێگا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، ڕێگای ئاشتی و دانوستانه و هیوادارین ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی له باكووری كوردستان دروست بووه، له ڕێگه‌ی دیالۆگ و دانوستانی ئاشتیانەوە به‌ئه‌نجام بگات، هاوکات پێگه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه و جیهان حیسابێكی زۆری بۆ ده‌كرێت.
سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشان داوای له لایه‌نه كوردستانییه‌كان كرد، سوود له پشتگیریی سه‌رۆك بارزانی وه‌ربگرن و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، پێویسته لایه‌نه‌كان به‌پیل ئه‌و بانگه‌وازانه‌ی سه‌رۆكه‌وه بچن كه له دیمانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ كردبوو، چونکە ناكۆكییه‌كان چه‌نده زۆر و گه‌وره بن، ناگه‌ن به ئاستی ئه‌وه‌ی کە دەرفەتێک بۆ پرسی گه‌له‌كه‌مان له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان هاتووەته پێش، سه‌رۆك بارزانی هه‌م پێگه‌كه‌ی هه‌م مێژوو و خه‌باتی سه‌رۆك، تێكڕای ئه‌وه وا ده‌كات ئێمه وه‌ك لایه‌نه‌كان پشتگیریی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی بكه‌ین به‌رامبه‌ر ئه‌و بەرپرسیارێتییە‌ی خستوویەتیه ئه‌ستۆی خۆی.
قائید میرۆ




