پێکھاتەکان بۆ KDP: سەرۆک بارزانی مەرجەعی ھەموو پێکھاتەکانیشە

ھەولێر-KDP.info- پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان دڵخۆشی خۆیان بە دووپاتکردنەوەی پشتگیریکردن لە پێکھاتەکان لەلایەن سەرۆک بارزانی دەردەبڕن و دەڵێن، سەرۆک بارزانی ھیچکات جیاوازی لە نێوان کورد و پێکھاتەکان ناکات، بۆیە سەرۆک بارزانی مەرجەعی ھەموو پێکھاتەکانە نەک تەنھا گەلی کورد.
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، محەممەد ئیلخانی، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە پرسە سیاسی و ستراتیژیەکان ئەولەویاتی سەرۆک بارزانی پاراستنی مافی پێکھاتەکانە و پێویستە بپارێزرێت و لە عێراقیش ئەو مافەی پێکھاتەکان بەدەستیان ھێناوە بەھەوڵ و پاڵپشتی سەرۆک بارزانی بوو لەکاتی نووسینەوەی دەستووری عێراق، بۆیە سەرۆک بارزانی تەنھا مەرجەعی گەلی کورد نیە و مەرجەعی ھەموو پێکھاتەکانە، هەروەها لە ھەرێمی کوردستان و عێراق وەکو پارێزەرێک دەیبینین بۆ مافەکانمان، لەبەر ئەوە پێکھاتەکان دڵنیان ھەمیشە پارێزەرێکیان ھەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عێراقیش، چونکە ئەوەی سەرۆک بارزانی ئاماژەی بۆ کرد دووپاتکردنەوەی پشتگیری سەرۆک بارزانییە بۆ پێکھاتەکان و دڵخۆشین بەو دووپاتکردنەوەی سەرۆک بارزانی لە پشتگیریکردن و ڕێزگرتن لە پێکھاتەکان.
لای خۆشیەوە پەرلەمانتاری پێشووی مەسیحی لە پەرلەمانی کوردستان، وەحیدە یاقۆ ھورمز، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی بەردەوام بۆ پێکھاتەکان پشتگیریکردن بووە لە پێکھاتەکان و پارێزەری مافی پێکھاتەکان بووە و جیاوازی نەکردووە لەنێوان کورد و پێکھاتە و ئاینەکانیش، ئەمەش نوێ نیە و کاتی خۆی ئێمە لە پەرلەمان بووین بەردەوام باس لەوە دەکرا کەمینەکان، بۆیە سەرۆک بارزانی ئەوکات باسی لەوەکرد پێم خۆش نیە بە پێکھاتەکان بڵێن کەمینە و پێویستە وەکو پێکھاتە ناویان بێت، چونکە وەکو ڕێزێک ئەو وشەی بەکارھێنا و ھەمیشە ھەر پرسێک ھەبێت پەیوەست بە پێکھاتەکان ئەو وەکو پێکھاتە ناویان دێنێت و ڕێگەش نادات غەدر لە پێکھاتەکان بکرێت و بەرگری لەمافیان دەکات.
وەحیدە یاقۆ جەختیش دەکاتەوە، پێکھاتەکان سەرۆک بارزانی تەنھا بە مەرجەعی کوردان نازانن، بەڵکو مەرجەعی ھەموو پێکھاتەکانە بەبێ جیاوازی، هەروەها ئێستا ڕێزگرتن لە پێکھاتەکان بەراورد بە عێراق زۆر جیاوازە و ئەوەش بۆ ھەوڵ و پشتگیری سەرۆک بارزانی دەگەڕێتەوە، بۆیە سەرۆک بارزانی زامنی پاراستنی مافەکانی پێکھاتەکانە لە ھەرێمی کوردستان.
جێگای ئاماژەیە سەرۆک بارزانی لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوەکرد من وشەی کەمینە بۆ پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان بەکارناھێنم و ھەمیشە وەکو پێکھاتە ناویان دێنم وەکو ڕێزگرتنێک، سەرۆک بارزانی دەڵێ، کاتی خۆی سەردانی پەرلەمانم کرد داوام کرد لەجیاتی کەمینە وشەی پێکھاتە بەکاربێت، کە سەرۆک بارزانی لە ھەموو قۆناغەکان پاڵپشتیەکی گەورەی پێکھاتەکان بووە و ھەمیشە بەرگریی لە مافەکانیان کردووە لە عێراق و لە ھەرێمی کوردستانیش و لە دوایین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش داکۆکی کرد کە پێویستە کورسی بۆ پێکھاتەکان بگەڕێنەوە ئەوکات ھەڵبژاردن بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




