تاڵەبانی بۆ KDP: عێراق نادەستووریانە مامەڵە دەکات

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان گوتی، گرنگە ئەو بڕیارەی لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە جێبەجێ بکرێت، لەبەر ئەوەی عێراق بە شێوەی نادەستووری مامەڵە لەگەڵ ناوچە کوردستانییەکاندا دەکات و ئەگەر پێداچوونەوە بە خۆیدا نەکات، کێشە بۆ خۆی دروست دەکات، چونکە ناکرێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت.
رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەو بڕیارەی لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە بۆ گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خەڵکی ڕەسەن لە ناوچە کوردستانییەکان، جێگەی دەستخۆشییە و ھەنگاوێکی باشە و ھیوادارین بڕیاری دیکەشی بەدوادا بێت.
تاڵەبانی گوتیشی، ئەو بڕیارە زۆر دواکەوت کە دەبوو بەپێی ماددەی ١٤٠ کە لە ٢٠٠٥ەوە دوای دانانی دەستووری عێراق دەرچووە، بوو بە ٢٠ ساڵی ڕێک و پێویست بوو دوای ٣١/١٢/٢٠٠٧ ئەو پرۆسەیە تەواو بێت، بەڵام ئەوان دوایانخست، لەگەڵ ئەوەشدا جێبەجێکردنی باشترە لەوەی ھەر دوابکەوێت، چونکە قۆناغێکی دیکە ماوە، ئەویش بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئالیەتی جێبەجێکردنی زۆر گرنگترە لەوەی دراوە، چونکە ئەگەر جێبەجێ بکرێت بەشێکی ئەو کێشانەی ھەن لەسەر زەویوزار چارەسەر دەبن و ئەمە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی پێشووە و ھەمووی نییە و داواکارین ھەمووی ھەڵوەشێتەوە.
راوێژکارەکەی سەرۆکی حکوومەت ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، زۆر باشە بەھۆی ئەوەی عێراق دەستوور و یاسا و رێککەوتنەکان پێشێل دەکات و ئەگەر جێبەجێ نەکرێت، وەکو بڕیارەکانی دیکە دەبێت، لەبەر ئەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، دۆخێکی نادەستوورییە و پێویستە عێراق پێداچوونەوە بە خۆیدا بکات و لە ناوچە سوننەنشینەکانیش عەسکەرتاریەتێکی زۆر ھەیە و پێویستە عێراق دەستوور جێبەجێ بکات و مافی ٢٠ ساڵەی خەڵک بگەڕێنێتەوە، چونکە ناوچەکە لە گۆڕانکاریدایە و ئەگەر عێراقیش بە خۆیدا نەچێتەوە، کێشە بۆ خۆی دروست دەکات، بۆیە عێراق بەردەوام بە نادەستووری مامەڵە لەگەڵ ناوچە کوردستانییەکان دەکات و زیاتر بە شێوەی مەرکەزی کار دەکەن، لە کاتێکدا عێراق سیستمی فیدراڵییە و پێویستە بە شێوەی فیدراڵی کار بکات، بەڵام بەداخەوە لە عێراق فیدراڵی جێبەجێ نەکراوە.
بڵند ئیبراھیم




