٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ڤیان سەبری بۆ KDP: ئێمەش ھەموو راستییەکانمان ئاشکرا کرد

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ھەرێمی کوردستان دەیەوێت بەپێی یاسا و دەستوور و رێککەوتن مافەکانی بەدەست بێنێت، بەڵام لە عێراق کار بە یاسا و دەستوور و رێککەوتن ناکرێت و ئەوەی کاری لەسەر دەکەن، تەنیا دروستکردنی قەیرانە.

د. ڤیان سەبری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەو بەیاننامەیەی بەناوی گردبوونەوەی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بڵاو کراوەتەوە، دژی ھەرێمی کوردستانە، ھەرچەندە بەشێک لە پەرلەمانتاران باسیان لەوە کرد ئەو بەیاننامەیە نوێنەرایەتیی ئەوان ناکات، بەڵام دیارە دوو سێ پەرلەمانتار بەردەوام دژایەتیی ھەرێم دەکەن و لەو ڕێگەیەوە نانی خۆیان پەیدا دەکەن و بۆ پەیداکردنی دەنگە و ھەڵبژاردن نزیک بووەتەوە و ھیچیان بۆ پارێزگاکانی خۆیان نەکردووە، هەروەها ھەندێک دۆسیەی گەندەڵییان لەسەر ھەیە و ھەر ئەو ئەندامانەن ئەو کارە دەکەن و زمانێکی زبر و ئاستنزم بەکار دێنن و تۆمەت بۆ ھەرێم دروست دەکەن.

سەبری گوتیشی، ئێمەش لە دوایین بەیاننامەی خۆمان ھەموو راستییەکانمان ئاشکرا کرد، چونکە ئەوان ھەر کاتێک بزانن رێککەوتن لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و بەغدا ھەیە، دەیانەوێت ھەڵڵایەکی ڕاگەیاندن دروست بکەن، بۆ ئەوەی گرفت بۆ ئەو رێککەوتنانە دروست بکەن، بۆیە ھەرێمی کوردستان ھەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووە ڕێککەوتن بەپێی یاسا و دەستوور بکرێت لە نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ چارەسەری ھەموو کێشەکان.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەوانەی ئەو بەیاننامەیە دەردەکەن و بیرکردنەوەیان بەو شێوەیەیە، دژی فیدراڵیەتن و دەیانەوێت ھەمیشە بڕیارەکان مەرکەزی بن و ھەرێمی کوردستان خۆی ڕادەستی ئەوان بکات، ئەوەش بە ھیچ شێوەیەک لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە قبوڵکراو نییە، چونکە خۆی دوو جۆر داھات ھەیە، نەوتی و نانەوتی، ئەوەی نەوتی پێویستە یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە بۆ ئەوەی نەوت ھەناردەی دەرەوە بکرێت، کە خۆیان ڕێگرن لەوەی یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە، ئەوەی نانەوتیش بەپێی یاسای ئیدارەی ماڵی لە ماددەی ٢٩ زۆر ڕوونە ھەموو داھاتی نانەوتی بۆ عێراق ناڕوات، بەڵکو بەشێکی بۆ عێراق دەڕوات و بەشێکیشی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت، لە ساڵی ڕابردووشدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٣٩٩ ملیار دیناری بۆ عێراق ڕەوانە کردووە و ئەوان بودجەیان بۆ ئێمە ڕەوانە نەکردووە، کە ٧٢٥ ملیار دیناری دیکە پێویست بوو ڕەوانەی بکەن، بۆیە ھەرێمی کوردستان داھاتی نانەوتی بۆ مووچە خەرج کردووە، بۆیە داوای مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و ئەوانیش داوا دەکەن دەوڵەتێکی مەرکەزی لە عێراق ھەبێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت، بەداخەوە بەغدا ئەو بڕیارانەی لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانن جێبەجێیان ناکەن و ئەوانەی دژی ھەرێمی کوردستانن جێبەجێیان دەکەن، بۆیە ئێمە داوا دەکەین پێویستە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکرێن و بەغدا مافەکانی ھەرێمی کوردستان بدات، بۆیە نە یاسا و نە دەستوور و نە ڕێککەوتن جێبەجێ ناکرێن و ئەوەی کاری پێدەکرێت تەنیا دروستکردنی قەیرانە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار