٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خەڵکی قامیشلۆ: سەرۆک بارزانی نووری چاومانە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  خەڵکی قامیشلۆ لە لێدوانێکیاندا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێن، سەرۆک بارزانی نووری چاومانە، هەمووشمان بە ئاواتی ئەو ڕۆژەین سەرۆک بارزانی لە قامیشلۆ ببینین، چونکە تاکە سەرکردەی کوردە پشتیوانی دۆزی گەلی کورد بەگشتی دەکات. 

لەوەند حوسێن، خەڵکی قامیشلۆیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پەیامی سەرۆک بارزانی هیوابەخش بوو، بەڵام نیگەرانیشی دەربڕی کە هێشتا دۆخەکە ڕوون نییە، بەڵام سەرۆک جەختی کردەوە گەشبینە بە داهاتوویەکی باشتر بۆ کوردەکان لە کوردستانی سووریا، هاوکات سەرۆک جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە کوردەکان پێش دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق یەکگرتووبن، بە پێویستیشی زانی کوردەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان لە کوردستانی سووریا بدەن بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی.

لەوەند باسی لەوەش دەکات: لە سەرەتاوە تا کۆتایی دیمانەکەم بینی، بۆم دەرکەوت سەرۆک بارزانی بە ڕاستگۆیی قسەی دەکرد، کاتێک وەڵامی دەدایەوە دەتتوانی پێش ئەوەی قسە بکات لە ڕووخساری وەڵامەکان بخوێنیتەوە، نیگەرانی و هیوای بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە گفتوگۆ و ئاشتی بە ڕوونی پێوە دیار بوو، جەختیشی کردەوە کە دژی توندوتیژییە  بۆچارەکردنی کێشەکان. 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ بوون لەو گوزارشتەی، پەیامنێری ئیلی ناکۆزی بە ناوی پەیامنێری کوردی سووریا هەمبەرڤان کوسا گوتی "مەسعود بارزانی نوری چاوانمان"، زۆرینەی کوردانی سووریا ئەم بەشەی دیمانەکەیان وەرگرت و نووسییان "نووری چاوانمان."، بەڵێ، سەرۆک مەسعود بارزانی کە 44 ملیۆن کورد خۆشیان دەوێت، نوری چاوان و دڵیانە. 

هەمبەرڤان کوسه، ئەو ڕۆژنامەنووسە بوو، گوتبووی: "سەرۆک بارزانی نووری چاوانمانە''، سەرۆک بارزانیش گوتی: هەمان هەستم هەیە بۆ گەنجان و دڵمانن، هەمبەرڤان کوسە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''هەرێمی کوردستانی عێراق، بە نوێنەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، دەتوانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی لە چارەسەری پرسی کورد لە سووریا بگێڕێت، لە ڕێگەی کارکردن بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان کە تیایدا سەربەخۆکان، گەنجان و کۆمەڵگای مەدەنی دەگرێتەوە، دواجاریش بگەن بە هەڵوێستێکی یەکگرتووی کوردی کە لەگەڵ ئیدارەی سیاسیی نوێی دیمەشق لەسەر مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد دانوستان بکەن، لەگەڵ بەکارهێنانی پەیوەندییە دیپلۆماسییە باشەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوەندەکانی بڕیاردانی نێودەوڵەتی بۆ ناوبژیوانی و گەیشتن بە ئەنجامێک.

ناوبراو گوتیشی: ''لە ڕێگەی ئەم ڕۆڵەی کە سەقامگیری لە شارە کوردییەکان دەهێنێتە دی و هەنگاوێک بەرەوپێش دەچێت بۆ چارەسەری کێشەی داگیرکاری و گۆڕینی دیمۆگرافی کە لە عەفرین، سەرێ کانیێ و گرێ سپی ڕووی داوە و بەردەوامیشە، کوردەکان پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانییان بە ڕێزگرتن و هیوایەکی گەورەوە وەرگرت و کەشێکی ئەرێنی لە ناوەندە جەماوەرییەکانی کوردستانی سووریا دروستکرد، بە پێناسەی سەرچاوەیەکی کوردستانی کە زۆر کورد هیواکانیان بە ژیریی ئەو دەبەستنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی ڕەنگە لە مێژووی گەلی کورد لە سووریا سەختترین بێت". 

هاوکات، زینێ عەبدێ، کچێکی خەڵکی قامیشلۆیە، دەڵێت "ئەو گوتانەی سەرۆک بارزانی کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر تەواوی خەڵکی قامیشلۆ دروستکرد، ئەو گوتانە تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانی گەلی کورد بوون". 

زینێ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو کاتەی گوێم لە گوتەکانی سەرۆک بارزانی بوو کاتێک باسی قامیشلۆی کرد، هەمان ئەو گوتانەبوون کە باوک و باپیرانمان باسی خەباتی دوور و درێژی پارتی و بارزانیان دەکرد بۆ ڕۆژئاوای کوردستان". 

 

کاروان باعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار