وەزارەتی پەروەردە "زیاتر لە ٥ھەزار و ٥٠٠ مامۆستا خانەنشین دەبن"

ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥ھەزار و ٥٠٠ماموستا خانەنشین دەبن، بەڵام لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران ھەوڵ دەدەین ھیچ کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن دروست نەکات و ئەو گرفتە چارە بکرێت".
دکتۆر سەیوان فەرج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "بەپێی بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینی لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٥ھەزار و ٥٣٤ مامۆستا خانەنشین دەبن و بڕیاری حکوومەت دەیانگرێتەوە، ڕاستە کاریگەری دەبێت لەسەر پرۆسەی خوێندن، بەڵام لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران خەریکین چارەی ئەو گرفتە بکەین."
دکتۆر سەیوان فەرج گوتیشی "بەپێی ئەو بڕیارەی دەرچووە، پێویستە ئەوانەی تەمەنیان بۆتە ٦٠ ساڵ دەستبەرداری پیشەکەیان بن، بۆیە وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر خەتن بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بەجۆرێک چارە بکەن کاریگەری ئەو بۆشاییەی دروست دەبێت کەمبکرێتەوە، چونکە تەنیا ئێمە نین، لە وەزارەتەکانی دیکەش ئەو گرفتە ھەیە، بە ھەموو وەزارەتەکانەوە نزیکەی ٣٦ھەزار کەس خانەنشین دەبن، بۆیە حکوومەت ھەوڵدەدات ڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی گرفتی کەمی میلاک دروست نەبێت."
بڵند ئیبراھیم




