جندیانی بۆ KDP: ئێستا لە هەموو وەختێک زیاتر کوردستان پێویستی بە مانیفێستی سەرکەوتنە

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەداری ناسراوی کورد ئازاد جندیانی، لە دیدارێکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ڕایگەیاند، ئێستا لە هەموو وەختێک زیاتر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان پێویستی بە مانیفێستی سەرکەوتنە، کە تیایدا سەرکەوتنی نەتەوە و نیشتمانی داگیرکراوی کورد بە ڕوونی پێناسە بکات و ببێتە نەخشەڕێ.
KDP.info: ئێستا ناوچەكە بە چهند گۆڕانكارییهكی خێرادا تێدەپەڕێت، شارهزایانیش خوێندنهوهی جیاجیا بۆ ڕووداوهكان دهكهن، ههندێك به دهرفهتی مێژوویی دهبینن و ههندێكیش به مهترسی، خوێندنهوهكانی بهڕێزت لهگهڵ كامهیانه، یان خوێندنهوهی تایبهتی خۆت چییه؟
ئازاد جندیانی: لە ڕاستیدا ئێستا نییە؛ کە (ناوچەکە) بە گۆڕانکاریی یەک بەدوای یەکدا تێدەپەڕێت؛ بەڵکو لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران (جەنگی یەکەمی کەنداو) و بە دواشیدا جەنگی ڕزگارکردنی کوێت (جەنگی دووەمی کەنداو) کە هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا پێکهات و شکست بە سوپای عێراق هێنرا و بەغدا ناچار کرا بەڵگەی خۆبەدەستەوەدان واژۆ بکات، لەو کاتەوە نەک تەنیا لە عێراقدا، بەڵکو لە ناوچەکەشدا گۆڕانکاری بە شێوەی کەڵەکەبوون دەستی پێکردووە؛ کە هەرە نوێترینی گۆڕانکارییەکان، گۆڕانکارییەکانی فەڵەستین و لوبنان و دواجاریش گۆڕینی دەسەڵاتداری سووریایە، کە ئاماژەکان ئەوە دەرئەخەن؛ کە ئەو هەموو گۆڕانکاریانە لەم ناوچەیەدا و بە کاریگەری ڕووداوە جیاجیاکانی نزیک بە نیوسەدە هەموو زەمینە و پێداوستییەکانی وەرچەرخانی گەورەی ساز داوە، کەواتا گۆڕانگەلە فرەڕەهەند و فرەئاراستە و فرەکاراکتەرەکانی؛ شتێک لە نیوسەدە کەمتری دنیا و ناوچەکە ئەبێ بە وەرچەرخان ناوبنێین چونکە چەمکی گۆڕان بابەتەکە تێر ناکا.
هەموو گۆڕانکاری و وەرچەرخانێک؛ لە ڕەهەندە دەستبەجێ و نزیک و دوورەکانیدا بۆ یەکەیەکەی لایەن و کارەکتەرەکان پێکەوە یان بەجیاجیا هەڵگری دەرفەت و هەڕەشەشە . ئەشێ بڵێین چاڵش (ئاستەنگ یان ئاڵنگاری)هەڵگرە. بۆ کوردیش هەروایە. بەڵام بۆ کورد کاری گۆڕینی هەڕەشە بۆ دەرفەت لە چاو ئەوانی تری ناوچەکە سەختتر و ئاڵۆزترە، هەرچەندە لە هەموو گۆڕانکارییەکانی ڕابردوودا، ڕێککەوتنی جەزائیری (١٩٧٥)ی لێ دەرچێ کورد کەم و زۆر دەسکەوتی هەبووە.
لەم پێشەکییەوە ئەچمە ناو کڕۆکی پرسیارەکەت کە لە دیدی بەرژەوەندی کوردەوە ئەیخوێنمەوە. ئەم وەرچەرخانەی ئێستا لە خودی خۆیدا و لە زۆر ڕووەوە بەقازانجی کوردە، کە لێرەدا جێی باسکردنی ورد و دوورودرێژی نییە، ئەوەی لەوبارەوە گرنگ و بگرە بنەڕەتییە بۆ کورد ئەوەیە کە ئێستا بەرەی دژەکورد بەتایبەت دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان وەک بەرەیەکی هاوئاهەنگی دژ بە کورد نەماون و هەریەکەیان گیرۆدەی قەیران و دۆخی جیۆپۆلەتیکی نوێ و گیرۆدەی قەیرانی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوخۆیی و ئاسایش و هیتریشن، کە ئەمە بۆ کورد دەرفەتێکی بابەتی کراوە و فرە ڕەهەندی بێ نموونەی هێناوەتە ئاراوە.
شانبەشانی دەرفەتی لەسەرەوە ئاماژەپێدراو دەلیڤەیەکی زۆر گرنگی خودیش هەیە کە بۆ زاڵبوون بەسەر کەمێک یان زۆرێک لە هەڕەشەکان و گۆڕینیان بۆ دەرفەت یەکجار کارا و یەکلاکەرەوەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە ئێستا و لەم دۆخی وەرچەرخانە ناوچەییە و بگرە جیهانییەدا کورد لە هەموو پارچەکانی و لەناو دیاسپۆڕاشدا سەردەمی متبوون و بێجووڵەیی و خۆتەریکخستنی بەر لە پتر لە پەنجا ساڵی ڕابردووی وەلا ناوە و ئێستا لە بزاوتێکی فراوانی تێکۆشانی فرەڕەهەند و فرەئاستی کوردایەتیدایە. جگە لەمە ئێستا بزووتنەوەی کوردایەتی بەهەر ناونیشان و تایتل و پاساو و ئامانجێکەوە بێ، دۆست و پشتیوان و هاوبەش و هاوپەیمانی بەهێز و بەتوانای نێودەوڵەتی و جیهانی هەن؛ کە لە مێژووی نوێماندا وێنەی نەبووە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا هێز بە دەرفەتەکانی بەردەممان ئەبەخشێ و بواری گۆڕین و گەمارۆدانی هەڕەشەکانی سەرمان ئەڕەخسێنێ.
KDP.info: ئهو دهرفهته گرینگ و مهزنانه چین كه لهگهڵ گۆڕانكارییهكاندا هاتوونهته بهردهم نهتهوهكهمان..؟
ئازاد جندیانی: پێم وابێ پوختەی وەڵامی پرسیاری یەکەمم، ڕاستەوخۆ یان وەک ئاماژە و لە پشتی دێڕەکانیدا وەڵامی پرسیاری دووەمی لەخۆگرتووە. بەڵام ئەبێ ئەوە بزانین کاتێک باس لە دەرفەتەکان ئەکەین ئەبێ ڕیزبەندییەک بۆ دەرفەتەکان بکەین لەسەر بنەمای دەرفەتە خودییەکان و دەرفەتە بابەتیەکان کە ئەمانەیان زادەی دۆخی وەرچەرخانەکەیە، لێرەوە ئەبێ قسەیەکی تریش لەسەر وەرچەرخان بکەین و هەڵاوێردێک لە خودی مانا و زەمینەکەی بکەین بەو جۆرەی ، کە ئەوە تەنیا ناوچەکە و کارەکتەرە دەوڵەتییە خۆجێیەکان نین بیانەوێ یان نەیانەوێ کەوتوونەتە ناو چێوەی وەرچەرخانەکەوە . بەڵکو ئەبێ ئەو ڕاستییە بزانین و نیشانی بدەین کە کورد و کوردستانیش لەناو جەرگەی وەرچەرخانەکەدایە بە ئەندازە و شێواز و ئامرازی جیاجیاوە و بە ویستی ڕوون و ڕاگەیەندراویشەوە لە سازدان و دەرفەتسازی بۆ وەرچەرخانەکە ڕاستەوخۆ بەشدارە.
ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر و گرنگی تر هەیە کە ئەبێ بە تۆخی بینووسین و بیڵێین، ئەویش ئەوەیە کە لە جەنگی یەکەمی جیهانەوە بۆ یەکەمین جارە کە نەیار و دوژمنانی ناوچەیی کورد چ وەک دەوڵەت و چ وەک نەتەوەکانیان دووچاری گەورەترین مەترسی بوونەتەوە و لەئاستی دنیادا تا ئەندازەیەکی زۆر تەریک کەوتوون و لە نێوان خۆشیاندا (چوار داگیرکەرەکە) ناکۆک و ڕکابەر و لەگەڵ یەکتردا لە پیلان لە یەکترگێڕاندان و هاوسەنگی بنەماکانی ستراتیژی پێکەوە دژایەتیکردنی کوردیان لەدەست داوە کە جاران هەیانبوو.
دەرفەتێکی گرنگی تر بۆ کورد لەم قۆناخەدا ئەوەیە؛ گەرچی هێشتا مەسەلەی کورد گیرۆدەی چوار پارچەکردنەکەی سایکس پیکۆیە (١٩١٦) بەڵام ئێستا لە نێوەندە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان و لەناو دامەزراوە ستراتیژییەکانی جیهان و لە ناو مشتومڕ و دایەلۆگەکانی بیریاران و تیۆریسینەکانی بواری سیاسەتە نێودەوڵەتییەکاندا ڕەنگ و ڕووخساری چەمکێکی ناسراو و ڕوون و بەردەوام وتراوی ئەوتۆی وەرگرتووە، کە لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و لە بوارەکانی جیۆپۆڵەتیکی و جیۆستراتیژی و جیۆئیکۆنۆمی و هتد چیدی دەستەواژەیەکی نامۆ و بڤە نییە و تیۆریسینەکانی ئەو بوارانە نەک لە ڕاپۆرتە نهێنییەکانیاندا، بەڵکو لە توێژینەوە و پلانە ئاشکراکانیشیاندا بەکاری ئەهێنن، کە لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانەوە یەکەمجارە بەو شێوەیە مەسەلەی کورد لە تایتلی سەرەکیدا، وەک مەسەلەی نەتەوەیەک و نیشتمانێک باس بکرێ و ناوببرێ؛ بەجۆرێک کە ئەگەری ئەوە زۆر نزیکە وردە وردە چەمکی (مەسەلە یان پرسی کورد) لە باسکردن و توێژینەوەی زانستیشدا پەرەبسێنێ و ببێتە چەمکێکی تری بەرفراوان و زاڵ لەو هاوکێشانەی نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەشدا ببێتە جێ باس و خواسی هێز و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بە ئەندازەیەک کە لانی کەم ببێتە فاکتەرێکی کاریگەر و کارا لە پڕۆسەکانی ئاشتی و شەڕ و سەقامگیری هەرێمایەتیدا. کەواتا ئەمە دەرفەتێکی ستراتیژی ئەوتۆیە، کە ئەبێ لە هەموو ئاست و بوارێکدا کاری لەسەر بکەین و لە کاردانەوە و پەرچەکرداری هیچ کەس و لایەنێک نەسڵەمینەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەر لە ئێستاوە وەک تێزێک بەرگری لێبکەین و تێز و تیۆرییەکانی ڕابردووی پێ بەتاڵ بکەینەوە. یەکێک لە فاکتەرەکانی سازدانی ئەو بەرگرییە بە بۆچوونی من ئەوەیە؛ کە نەهێڵین ئەو گۆڕانکاریانەی زەمینەی وەرچەرخانەکەیان هێناوەتە ئاراوە لە مەنگەنەی پێناسە ئایدۆلۆژییەکان نەدەین و خۆمان بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە سەرقاڵ نەکەین کە داخۆ ئەوەی هاتۆتە ئاراوە سەربەکام قوتابخانەی فیکری و مەعریفی و فەلسەفییە و دواجار ئەبێ هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدۆلۆژییە ئامادەکانی ناو گۆڕەپانەکە چۆن و بە چی ناودێریان بکەین، چونکە ئەوەی بۆ کورد و مەسەلەکەی گرنگ و پێویستە، ئەوەیە ئەو فاکتە بناسین و بیناسێنین کە ململانێ کورد بۆ سەربەخۆبوون و خاوەنداری لەخۆ کردنە و لەو ڕوانگە ستراتیژییەشەوە ئیدی هەر بابەتگەلێکی دیکە ئەکەونە پەراوێز و خواری خوارەوەی (مەسەلەی کورد یان مەسەلەی کوردستان) کە گەوهەری تێکۆشانی نەتەوەیی کوردە.
KDP.info: ئهی چی له ئهستۆی كورد خۆیهتی به تایبهت ڕۆڵی سهرۆك بارزانی وهكو مهرجهعێك بۆ كورد..؟
ئازاد جندیانی: لە ڕاستیدا پرسیاری لەوەی چی لە ئەستۆی کوردە؟ ئەوەندە گرنگ و هاوکات پڕگرێ و گۆڵە کە ڕەنگە بە پرسیار و وەڵامێکی ڕۆژنامەگەریانەی خێرا نەک هەر تێر نەکرێ؛ بەڵکو ئەگەر زۆر ئاگامان لێی نەبێ تەواوی باسکردنەکانمان بە لاڕێدا ببەین. بۆیە هەموو هەوڵێک ئەدەم خۆم لە بچووکترین و سادەترین بەلاڕێدابردن بپارێزم. جارێ حەز ئەکەم ئەو ڕاستییە بڵێم هەر کە ئەو پرسیارەم بینی کتێبە بەناوبانگەکەی لێنینم هاتەوە یاد کە بەناوی (چی بکەین ؟) بوو. هەڵبەت مەبەستم تەنیا ناونیشانی کتێبەکەیە نەک هیچ وێکچوونێکی تیۆری و سیاسی تر؛ یان بەسەرچاوە وەرگرتنی کتێبەکەی لێنین.
لەسەرەوە بە خێرایی و بگرە بەسەرپێیی ئەوەمان ساغ کردەوە، کە ئەوەی ڕوویداوە ( وەرچەرخانە ) و هەندێ لە ڕەهەندەکانیشمان ئاماژەپێدان، بە ڕەهەندە بابەتی و خۆییەکانیشەوە. بۆیە کاتێک قسە لەسەر ئەوە ئەکەین کە کورد خۆی چی لەئەستۆیە، ئەوا ئەبێ ژمارەیەک دەستەواژە و چەمک هەن پێناسەیان بکەین، بۆ نموونە کە ئەڵێین کورد ئەوە چەمکێکە سۆسیۆسیاسی و سۆسیۆکلتوری و هتد. ئەو وەڵامە بۆ پسپۆڕانی بواری خۆیان بەجێ دێڵین، بەڵام چونکە هەر لە شەڕی ( چاڵدێران - ١٥١٤ ) و لێکەوتەکانیەوەو دواتریش لە جەنگی یەکەمی جیهان و لێکەوتەکانییەوە دۆخی داگیرکردن و پارچەکردنی کوردستان، وەک نیشتمانی نەتەوەیی کورد بە هەموو شێوەیەک داگیرکەرانی هەردوو سەردەمی پارچەکردنی ئاماژەپێدراو نەیانهێشتووە کورد هیچ شوناسێکی یەکگرتووی هەبێ و هەروەها کوردستانیش بە هەمان شێوە؛ کە پێی بناسرێتەوە و هەموو بابەتە پەیوەستەکان پێیەوە لەو دیدگای ناودێریە مێژووییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، کە بەداخەوە ئەم کورتە وەڵامەم هەر هێندەی لێ بار ئەکرێ.
ئەوەی لە بواری ناونان و گرێکانیەوە بۆ ئەم سەرەباسە جێی لەسەروەستان و بگرە مشتومڕیشە ئەوەیە، ئێمەخۆمان نین کە ناودێرمان کردبێ بەڵکو بەشێکی زۆر ئەو مێژوونووس و ڕۆژهەڵاتناس و کوردناسە کۆن و نوێکان شووناسەکانیان ناودێرکردووە بۆ نموونە (کوردانی عوسمانی / کوردانی سەفەوی / کوردستانی عێراق و کوردانی عێراق / کوردستانی ئێران و کوردی ئێران / کوردستانی تورکیا و کوردی تورکیا / کوردستانی سووریا و کوردی سووریا / کوردانی سۆڤیەت و هتد )٠ دیارە ئێستا بەشێوەی نافەرمی و دانپیانەنراو (باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا) لە زۆرینەی ناوەندە سیاسی و ئەکادیمی و میدیاییەکانی کورد خۆی بەکار ئەهێنرێن. ئەڵبەت ناوەندە نێودەوڵەتییەکانیش وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی و هەروەها دامەزراوە فەرمیەکانی یەکیەتی ئەوروپاو ئەوانی تریش ڕەدوو ئەو ناولێنانانە کەوتوون کە جێ پەسندی داگیرکەرانی کوردستانە.
لێکەوتەی ئەو ناودێرکردنە کاریگەری بەسەر پێناسەی مەسەلەی کورد جێهێشتووە، تا ئەندازەی ئەوەی کەم و زۆر یان تۆخ و کاڵ لە گوتاری سیاسیی پارت و ناوەندە ئەکادیمی و کلتوورییەکانی کورد نەک هەر ڕەنگی داوەتەوە، بەڵکو کێشەسازیش بووە و هاوکات کەوتۆتە ژێر گوشاری تاکتیکە سیاسییە ویستراو یان نەویستراوەکانیشەوە بۆ نموونە یەکێک لەو گێرمەوکێشانەی کە زۆرجار ڕەهەندی تیۆریشی وەرگرتووە، بابەتی ئەو پرسیارەبووە کە (ئایا مەسەلەی کورد یەک مەسەلەیە یان چوار مەسەلە یاخۆ چەند مەسەلەیەکە). ئەمە ستراتیژیەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد / كوردستانی پەرت کردووە؛ بە ئەندازەیەک کە مشتومڕ و دایەلۆگێکی تیۆریشی لێکەوتۆتەوە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە.
لە ئاستی سیاسی و ئەکادیمی و میللیشەوە وەڵامی هەرە بەکارهێنراو لەبارەی کورد چی لە ئەستۆیە؛ بەپلەی یەکەم یەکگرتوویی و یەکڕیزیی پارتە سیاسیەکانە؛واش لێک ئەدرێتەوە کە یەکڕیزیی نەتەوەیی و کوردستانیش لەگەڵ خۆی دێنێ. بۆیە لەو بارەوە بەرپرسیاریەتی ئەو یەکڕیزییە بە پێناسە جیاجیاکانیەوە ئۆباڵەکەی ئەخرێتە ئەستۆی پارتە سیاسییەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان. من نامەوێ تەواوی ئەو ئۆباڵە لە ئەستۆی پارت و سەرکردە سیاسییەکانی کورد لابدەم، بەڵام بڕوام وایە کە کوردستانیان بە ڕووناکبیر و ناوەندە ئەکادیمی و میدیاییەکانیش لە دەرەوەی پارت و ئاراستە سیاسییەکانەوە بەشەکەی تری ئۆباڵی ئەو بەرپرسیاریەتەیان لە ئەستۆیە.
بۆ ئەوەی پوختی بکەم، بەتایبەت سەبارەت بەو ڕۆڵەی کە بەڕێز سەرۆک بارزانی ئەتوانێ لە ئاراستەکردنی وەرچەرخانەکەدا بیبینێ، بڕوام وایە کە ئەتوانێ ڕۆڵێکی کاریگەر و مەزن ببینێ لەوەی کە لەم وەرچەرخانەدا کورد گوتەنی ڕەنجبەخەسار نەبین، بەڵام بێ فاکتەرەکانی تری بەهێزبوونی ڕەوتی کوردایەتی لەم قۆناخەدا ناکرێ قورساییەکە هەمووی بخەینە سەرشانی سەرۆک بارزانی وەک لێڤەگەڕی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر چەندە دەمێکی دوور و درێژە دەوڵەتانی زلهێز و کاریگەری دنیا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەوانەشەوە کە دۆست نین، وەک لێڤەگەڕی کورد هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەکەن، چونکە خەسڵەتەکانی ڕێبەربوون و لێڤەگەڕبوون لە سەرۆک بارزانیدا دیارە و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دانی پێدا دەنێن.
لەبارەی بابەتی لێڤەگەڕ و سەرۆک بارزانییەوە ئەوەی بە ڕوونی و بە ئاشکرایی ئەکەوێتە ئەستۆی ناوخۆی کورد ئەوەیە، کە حزب و ئاراستە سیاسییەکانی کوردستان لە باشوور و لە هەرسێ پارچەکەی تر و بەو شێواز و ئامرازانەی کە پێویستن، ئەبێ تێزی لێڤەگەڕی بارزانی بەهێز و بەهێزتر و مکومتر بکەن و هاوکات خەڵکی کوردستان بەتایبەت لە باشوور و ڕۆژاوادا، کە ئێستا لە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی خێرا و ڕاستەوخۆدان، ئەبێ ببنە فاکتەری هێزبەخشینێکی جەماوەری بە لێڤەگەڕی سەرۆک بارزانی؛ چونکە بۆ ئەوەی ئەم وەرچەرخانە بە ستراتیژییانە ببینین و بەکاری بێنین ئەبێ تیایدا سەرکەوتوو بین بۆ وەدەستخستنی ئەو ئامانجەش کورد پێویستی ڕەهای بە سەرۆکێک هەیە کە هەموو خەسڵەت و لێوەشاوییەکانی لێڤەگەڕی هەیە تا بۆ سەرکەوتن ڕابەرایەتی کورد بکا.
ئەمەوێ هەر لەبارەی لێڤەگەڕ بۆ بزووتنەوەی کوردایەتی ،لەدیدی خۆمەوە شکستێکی ئەزموونی باشوور ئاماژە پێ بدەم و ڕاستییەکی سەلمێندراو تەئکید بکەمەوە. لەبەر هەر هۆیەک و هەر پاڵنەرێکەوە بووبێ لە ڕاپەڕینەوە پەڕلەمانی کوردستان وەک لێڤەگەڕی باشووری کوردستان و هەرێم ئەناسراو لەبەرچاو گیرا، بەڵام داننان بەوەی کە پەرلەمان ئەبێ وە ئەشێ لێڤەگەڕ بێ و هەموو ئامرازەکانی بڕیار و ڕێبەرایەتی تێکۆشانی نەتەوەیەکی داگیرکراو و پارچەکراوی بێدەوڵەت و بێ سەروەریی نێودەوڵەتی کە بە بەردەوامی لە سۆنگەی شەڕی مان و نەماندایە ، من بڕوام وایە بەکردەوە دەرکەوت کە ئەمە تێگەیشتنێکی سەقەتەو ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەی نیە ، بەو جۆرە پەرلەمان و دامەزراوە هاوشێوەکانی نابنە لێڤەگەڕ بۆ سەرکەوتن. چاوگێڕانێکی خێرا بە ئەزموونی تێکۆشانی زۆربەی نەتەوە هاوشێوەکانی کورد بێ ڕابەرێکی لێڤەگەڕ ( لێڤەگەڕێکی ڕابەر )بە ئامانجی ڕزگاربوون لە داگیرکاری و ژێردەستەیی نەگەیشتووە.
دواخاڵم لەبارەی ئەوەی لە ئەستۆی کورد خۆیەتی ئەوەیە، کە ئێستا لە هەموو وەختێک زیاتر بزووتنەوەی ڕزگاریی کوردستان پێویستی بە مانیفێستی سەرکەوتنە، کە تیایدا سەرکەوتنی نەتەوە و نیشتمانی داگیرکراوی کورد بە ڕوونی پێناسە بکا و ببێتە نەخشەڕێی سەرکەوتن .
دیمانە: عەزیز ڕەسووڵ




