كوردانی رۆژئاوا سوپاسی هه‌ڵوێستی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ن

هه‌ولێر-KDP.info- به‌رپرسێكی كورد له رۆژئاوای كوردستان ده‌ڵێ، كوردانی رۆژئاوا سوپاسی هه‌ڵوێستی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ن لە هه‌مبه‌ر كوردانی سووریا و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، به‌رده‌وام سه‌رۆك بارزانی و هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتیی كوردانی رۆژئاوا بوونه، به تایبه‌تی له‌م قۆناغه مێژووییه‌دا، چونكه قۆناغێكی زۆر مێژوویی به‌سه‌ر سووریا و گه‌لی كورددا هاتووه.
شه‌لال گه‌دۆ، ئه‌ندامی ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نه‌كه‌سه، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، كوردانی رۆژئاوا به رێزه‌وه ده‌ڕواننە هه‌ڵوێستی سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی پشتگیریی به‌ڕێزیان بۆ كوردانی سووریا و ئێمه سوپاسی خوای گه‌وره ده‌كه‌ین كه‌سێكی وه‌ك سه‌رۆك بارزانیمان هه‌یه، چونكه به‌رده‌وام سه‌رۆك بارزانی و هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتیی كوردانی رۆژئاوا بوونه، به تایبه‌تی له‌م قۆناغه مێژووییه‌دا، چونكه قۆناغێكی زۆر مێژوویی به‌سه‌ر سووریا و گه‌لی كورددا هاتووه له سووریا.
سه‌ركرده‌کەی ئه‌نه‌كه‌سه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، ئه‌گه‌ر كورد به باشی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ره‌وشه‌كه نه‌كه‌ن، ئه‌وه له‌ده‌ست كورد ده‌ردەچێت و ڕەنگە بۆ چه‌ندین ساڵی دیكه ده‌رفه‌تی وه‌ها دووباره نه‌بێته‌وه، سووریای كۆن و سووریای به‌عس له‌ناو چوونه و سووریایه‌كی نوێ دروست ده‌بێت، پێویسته كورد هاوبەشی دروستكردنی سووریای نوێ بێت، به‌ردی بناغه‌ی سووریای نوێ به به‌شداریی كورد دابنرێت، تا كورد بێبه‌ش نه‌بێت له مافه‌كانی، چۆن سووریا وڵاتی عه‌ره‌به‌كانه به هه‌مان شێوه وڵاتی كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌شه.
گه‌دو ده‌شڵێت، پاڵپشتیی سه‌رۆك بارزانی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئێمه گرینگه و له دیمانەكەی سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی له‌سه‌ر پاڵپشتیی خۆی بۆ كوردانی سووریا كرده‌وه، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له داڤۆس دیداری له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا هه‌بووه و ئه‌ویش پاڵپشتییه‌كی زۆر گرینگه بۆ ئێمه‌ی كوردانی سووریا.
شه‌لال گه‌دۆ روونی كرده‌وه، له سه‌ره‌تای په‌یدابوونی شۆڕشی گه‌لانی سووریا، هه‌رێمی كوردستان و گه‌ل و حكوومه‌ته‌كه‌ی هاوكار بوونه، هه‌تا زۆر جار جیاوازی له نێوان بۆچوونی حكوومه‌تی فیدڕاڵ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه له‌باره‌ی ڕه‌وشی سووریا و رژێمی سووریا، به‌ڵام سه‌رۆك بارزانی وه‌ك ره‌مزێك پاڵپشتیی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستانی كردووه.
قائید میرۆ




