٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەم ھەفتەیەدا ٢٠٠ھەزار ناوی دیکە لە ئەنجومەنی وەزیران دەگەڕێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، چاوەڕێ دەکرێت لەم ھەفتەیەدا نزیکەی ٢٠٠ھەزار ناوی دیکەی فەرمانبەرانی سوودمەند لە وەرگرتنی زەوی لە ئەنجومەنی وەزیران بگەڕێتەوە و دوای ئەوەش ئەوانەی دەمێنن، ئەوانیش ڕەوانە دەکەین، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لەمساڵدا زۆرینەی فەرمانبەران زەوی وەربگرن.

سەربەست مەولوود، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت ئەم ھەفتەیە وەجبەی دووەمی ئەو ناوانەی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کرابوون، کە نزیکەی ٢٠٠ھەزار ناو دەبێت، بگەڕێنەوە بۆ ئێمە و ڕەوانەی شارەوانییەکان بکرێن، بۆ ئەوەی زەوییان بۆ دابین بکرێت و پێیان بدرێت، کە لەم وەجبەیە زۆرینەی وەزارەتەکانی تێدایە، چونکە بەشێک لە وەزارەتەکان یەکەم جارە ناویان دەگەڕێتەوە سەبارەت بە ئەوان وەکو وەجبەی یەکەمە، بەڵام ئێمە لە وەجبەی یەکەم نزیکەی ١٦ھەزار ناومان ڕەوانە کردبوو کە ڕەزامەندییان لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ گەڕایەوە.

مەولوود گوتیشی، ناوی فەرمانبەرانی زۆرینەی وەزارەتەکان ڕەوانە کراون بۆ ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران تەنیا وەزارەتەکانی تەندروستی و ئەوقاف و کشتوکاڵ و خانەنشینان مابوون، بۆیە بە گەڕانەوەی ئەو وەجبەیە نیوەی زیاتری فەرمانبەران رەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەگەڕێتەوە و نزیکەی ١٥٠ھەزار فەرمانبەر دەمێنن دوای گەڕانەوەی ئەو وەجبەیە کاری لەسەر دەکەین ئەوانیش ڕەوانە دەکەین بۆ ئەوەی ڕەزامەندییان بۆ وەرگرین، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت بە کەمتر لە دوو مانگ ئێمە کاری خۆمان تەواو بکەین و ڕەزامەندی بۆ ھەموو فەرمانبەران وەربگرین.

بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی دەشڵێ، ئێمە ڕەزامەندی وەردەگرین بۆ شارەوانییەکان ڕەوانە دەکرێت بۆ تەرخانکردنی زەوی و ئەوانیش گرفتی خۆیان ھەیە کە زەوییەکان زیاتر کشتوکاڵین و پێویستی بە ڕەزامەندی دارایی ھەیە، بۆیە ئەوانیش بەردەوام کار دەکەن و سەرقاڵی دابینکردنی زەوین، بۆیە ھەوڵ دەدرێت بۆ ئەمساڵ زەوی بە زۆرینەی فەرمانبەران بدرێت بەھۆی ئەوەی کاتێکی باشیان لە بەردەم ھەیە، لەبەر ئەوەی ئەوانیش ھەنگاوی باشیان ناوە، کە ھەر فەرمانبەرێک ٢٠٠ مەتر زەویی بەردەکەوێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار