٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خانەوادەی شەھید ھوجام سورچی "شانازی دەکەین باوکمان لە پێناو خاک و نیشتمان شەھید کرا"

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک -KDP.info- ئەمڕۆ ١٠ ساڵ بەسەر شەھیدبوونی ھوجام سورچی تێدەپەڕێت کە بە دەستی تیرۆریستانی داعش بە دڕندانەترین شێوە شەھید کرا. 

کوڕێکی ئەو شەھیدە دەڵێت "ھەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا وەک ئەوە وایە تازە باوکمان شەھید کرابێت، بەڵام سەربەرزین کە باوکمان لەپێناو خاک و نیشتمان شەھید بووە". 

عومەر کوڕی شەھید ھوجام سورچی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ ١٠ ساڵ بەسەر شەھیدبوونی باوکمدا تێدەپەڕێت، بۆ ئێمە ناخۆشترین ڕۆژە. 

ساڵانە ئەو ڕۆژە، وەک ئەوە وایە ئەمڕۆ شەھید بووبێت، برینێکی قووڵە و ساڕێژبوونی زەحمەتە، چونکە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و دوور لە مرۆڤایەتی شەھید کرا، بەڵام بە شەھیدبوونی باوکمان سەربەرزین، چونکە لەپێناو خاک و نیشتمان شەھید بووە، ئازادیی ئێستای کوردستان بەرھەمی خوێنی شەھیدانمانە، بۆیە شانازی بە شەھیدانی خۆمانەوە دەکەین". 

عومەر زیاتر گوتی "لە هەرێمی کوردستان ڕێزێکی ھێندە گەورەمان لێ گیراوە، بەتایبەت لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە کە خۆی سەردانی ئێمەی کرد و  ئێمەش چووینەتە خزمەتی، لە زۆر لە مەراسیمەکان داوامان لێ دەکرێت بەشداری بکەین، شەھید لای کوردستانیان ڕێزێکی زۆری ھەیە، بۆیە ڕێگەیان نەداوە ھەست بە بۆشایی باوکمان بکەین". 

کوڕی شەھید ھوجام باسی لەوەش کرد "سەرۆک بارزانی ڕێزی زۆرمان لێ دەگرێت، ھەمیشە خۆی بە ھاوبەشی خەمی ئێمە و ھەموو شەھیدان دەزانێت، چونکە ھەست بە ئازاری ناخی ئێمە دەکات و دەزانێت شەھید ھوجام چەند بە شێوەیەکی دڕندانە شەھید کرا، کە لە مێژوودا دووبارەبوونەوەی ئەستەمە". 

١٠ ساڵ پێش ئێستا، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ، لە پارێزگای مووسڵ، شەھید ھوجام سورچی لە بەردەم چاوی کامێرا و خەڵکی شارەکە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە سەری لە لاشەی جیاکرایەوە، لەو کاتەوە شەهید هوجام بووەتە ڕەمزی شەھیدانی کوردستان و ساڵانە لەو ڕۆژەدا یادی ئەو شەھیدە مەزنە دەکرێتەوە. 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار