٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پەیامی حکوومەتی ھەرێم لەبارەی مووچە، ماددەی ١٤٠ و نەوت گەیەندرایە ھۆڵەندا "

سەرچاوە: KDP.info

یەکێتی ئەوروپا -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی  ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت "لە وەزارەتی دەرەوەی ھۆڵەندا لەگەڵ بەرپرسی بەشی عێراق گفتوگۆمان لەبارەی کۆمەڵێک پرس کرد، لەوانە پرسی مووچە، ماددەی ١٤٠، نەوتی ھەرێمی کوردستان و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەت  بۆ نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان بۆ گەرەنتی مافی کورد لە سوریا".

دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "لە بەردەوامی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ھۆڵەندامان کرد و لەگەڵ (گووسێ کۆرتھالس-ئاڵتێس)، بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووی ئەفریکا و بەرپرسی بەشی عێراق لە وەزارەتی دەرەوە کۆبووینەوە.
لە میانەی دیدارەکەدا، نوێنەری حکوومەت، دوایین پێشھاتەکانی کوردستان، عێراق، ناوچەکە و سیاسەت و تێروانینی حکوومەتی ھەرێمی خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە کرد "حکوموەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاسایشە بۆ ناوچەکە،  سەبارەت بە پرسی سوریاش، ئاماژەمان بە ڕۆڵی بەڕێزان سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ لەیەک نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان کرد بە مەبەستی گەرەنتیکردنی مافی گەلی کورد لە سوریا و پێکھاتەکانی تری ئەو وڵاتە".
دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی "لە بە شێکی تری دیدارەکە نوێنەری حکوومەت بە وردی باسی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و کێشەی مووچە و ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی کرد و ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی بۆ چارەکردنی کێشەکان خستنە روو".
گوتیشی "لایەنی ھۆڵەندی ھەوڵەکانی سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایش و لەیەک نزیککردنەوەی لایەنە کوردیەکان بەرز نرخاند و جەختی لەوە کردەوە کە ھۆڵەندا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ھەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعش و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و لە بوارکانی تایبەت بە ئابووریی". 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار