٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەممەد شوکری باسی ئەنجام و دەستکەوتەکانی بەشداریکردن لە داڤۆس بۆ KDP دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەتی و شاندی یاوەری دەڵێت، کۆڕبەندی داڤۆس بۆ ھەرێمی کوردستان یەکجار گرنگ بوو، هاوکات ئەنجامەکان لە مانگەکانی داھاتوو ئاشکرا دەبن، چونکە ئەنجامەکان زۆر باش بوون و ھەماھەنگی زۆر باش لەگەڵ زۆر وڵاتان کراوە.

دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لە کۆڕبەندی ئابووری جیھانی داڤۆس و دامەزراندنی ماڵی کوردستان لە داڤۆس زیاتر گرنگ بوو بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە ماوەی دوو ساڵە لەو کۆڕبەندە بەشدارین و چەندین کۆبوونەوە و دیداری گرنگ ئەنجام دەدرێن کە لە سەرکردە و بەرپرسی کۆمپانیا جیھانیەکان لە ماڵی کوردستان ھەماھەنگی باشی وەبەرھێنەری ھەرێم لەگەڵ وەبەرھێنەرانی بیانی کرا.

ناوبراو باس لەوەش دەکات، "سەرپەرشتیکردنی سەرۆکی حکوومەت لە کۆبوونەوەکان لە ماڵی کوردی و وەبەرھێنەرانی خۆمان لەگەڵ وەبەرھێنەران و ھاتنی دکتۆر فوئاد حوسێن سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و کۆبوونەوە لەگەڵ وەبەرهێنەران لە ماڵی کوردی و بەڵێن دان بۆ چارەسەرکردنی چەندین کێشەی تایبەت بەکاری بازرگانی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان یەکێک بوو لە دەستکەوتەکان.

سەرۆکی دەستە دەشڵێت، "بەدەیان دیداریش لە نێوان وەبەرھێنەران و ستافی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ وەبەرھێنەری وڵاتان گرنگی زۆری ھەبوو، بۆیە ئەنجامی ئەو کۆڕبەندە لەچەند مانگی داھاتوو دەردەکەوێت.

دکتۆر محەممەد شوکری گوتیشی، "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری وەبەرھێنانی سعوودیە بەڵێنی دا دوو مانگی داھاتوو شاندێکی باڵای حکوومی و بازرگانی لە سعوودیە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و بەستنی کۆڕبەندێکی ئابووری لەڕووی بازرگانی و وەبەرھێنان ئەمە یەکێک دەبێت لە دەستکەوتەکان و ھەماھەنگی باش لەگەڵ ئیمارات و قەتەر و عوممان و وڵاتانی دیکە کرا، بۆیە ئەم بەشداریکردنەی سەرۆکی حکوومەت و شاندی یاوەری دەستکەوتی باشی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار