ئەحمەد کانی بۆ KDP: ھەڵبژاردن لە لقەکانی بەغدا و خانەقین سەرکەوتووانە کۆتاییھات

بەغدا-KDP.info- ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئۆرگانەکانی پارتی لە بەغدا کۆتایی ھاتن و ئەندامێکی لیژنەی بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنەکانی پارتیش لە بەغدا دەڵێت، سەرکەوتووانە کۆتایی پێھات و ھەموو پێکھاتەکانیش بەشدارن لە ئۆرگانەکانی پارتی.
ئەحمەد کانی، ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە بەغدا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لەگەڵ ھەڤاڵان لە لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن لە سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای بەغدا و لیژنەکانی ھەڵبژاردن لە سنووری لقەکانی ٥ی بەغدا و ١٥ی خانەقین و پابەند بە ڕێنماییەکانی ھەڵبژاردن و پەیڕەوی ناوخۆی پارتیمان کە لە کۆنگرەی چواردەی پارتیمان پەسەندکرابوو، ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتی لە بنکە و ڕێکخراو و لیژنەی ناوچەکان و دەستەی کارگێڕی ھەردوو لقی ٥ و ١٥ و بەرپرسی بەشەکانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای بەغدا کە لە ڕۆژی یەکشەممە لە ٢٠٢٥/١/١٩ دەستیپێکرد و لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٥/١/٢٢ سەرکەوتووانە کۆتاییھات.
کانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئەندام و کادیرانی پارتی لە سنووری خانەقین و بەغدا بە جۆش و خروشێکی زۆرەوە بەشداریان لە پڕۆسەکەدا کرد و دڵخۆشی لەوەدابوو ئەندامانی پارتی زۆر بە دڵسۆزی و ڕوحێکی پارتایەتی بەشداریان کرد.
ئەحمەد کانی پێی وایە، ئەو دڵسۆزیەی ئەندامانی پارتی لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ سیاسەتی بارزانی نەمر دەگەڕێتەوە و دەشڵێ، خوێنی نوێ و خەڵکی نوێ ھاتووەتە نێو ئۆرگانەکانی پارتی لە سنووری مەکتەبی رێکخستنی بەغدای پارتیمان و ھەموو پێکھاتەکانیشی تێدایە.
ھاوکات ئەحمەد کانی سوپاسی ھەموو ھەڤاڵانی بەشداربوو لە پڕۆسەکە دەکات کە بەوپەڕی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی کارەکانیان ئەنجامدا و سوپاسی ھەموو ئەو ھەڤاڵانەش دەکات کە ھاوکاریان بوون.
قائید میرۆ




