ڕاگەیەندراوێک لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک.گەرمیانی پارتی

کەرکووک-KDP.info- مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی بڕیاری دادگای کارگێڕیی عێراقی بە ڕەتکردنەوەی تانەکان لە ڕێکارەکانی پەیوەست بە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و پارێزگاری کەرکووک بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
بڕیاری دادگای کارگێڕیی عێراقی ژمارە (١١٨/٢٠٢٥) لە بەرواری ٢٢/١/٢٠٢٥، بەڕەتکردنەوەی تانەکان لە ڕێکارەکانی پەیوەست بە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و پارێزگاری کەرکووک لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، بەبێ ئاگادارکردنەوەی بەشێک لە ئەندامانی ھەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە شوێن و کاتی کۆبوونەوەکە، فەسڵێکی دیکە لە خراپ سوودوەرگرتن لە پێگەی دادگاکان لە پرۆسەی دیموکراسی و دەستوریی عێراقدا پێکدێنێت بۆ مەبەست و بەرژەوەندیی تایبەتی ئەم یان ئەو لایەنی سیاسی، ھەروەھا بێ گوێدانە پیرۆزیی وەزیفەی دادگا و بەرژەوەندیی گشتی و ھەستیاری بارودۆخی سیاسی لە عێراقدا.
ئەم بڕیارە پێشێلکاریەکی ڕوونی بنەماکانی دادپەروەری و سەروەریی دەستوور و یاسا پێکدەھێنێت، ھەروەھا پێشێلکردنی ئەو ڕێکارە یاساییانەیە کە گەرەنتیی شەفافیەت و بەشداریکردنی کاریگەرانە لە پڕۆسەی دیموکراسیدا دەکەن. ئەوە سەرەڕای ئەوەی پەراوێزخستنی ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەن لە بەشداریکردن لە بڕیاردان لە چارەنووسی پۆستە گرنگ و ھەستیارەکانی پارێزگاکەیان، ڕەنگدانەوەی ھەوڵێکی ڕوونە بۆ پەراوێزخستنی بەشێک لە پێکھاتەکانی پارێزگاکە و سەپاندنی ئیرادەی سیاسی تاکلایەنە و سەرپێچیەکی زەقی (بڕگەی چوارەم لە ماددەی ٣٥) یاسای ھەڵبژاردنەکان ژمارە ١٢ ساڵی ٢٠١٨ ھەموارکراو و ماددەکانی یاسای پارێزگاکانی لە ھەرێمێکدا ڕێکنەخراون ژمارە ٢١ ساڵی ٢٠٠٨ ھەموارکراوە.
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم بڕیارە بە پێشھاتێکی مەترسیدار دەزانین کە ھەڕەشە لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکھاتەکانی کەرکووک دەکات، ھەروەھا دەبینین کە گورزێکی توند لە متمانەی ھاووڵاتیان بە دامەزراوە دادوەرییەکان دەدات و ھەستی نادادپەروەری و جیاکاری بەھێز دەکات، ئەمەش مامەڵەی جددی و بەرپرسانەی ھەموو لایەکی دەوێت.
کەرکووک مۆدێلی فرەچەشنی نەتەوەیی و ئاینییە، ھەر ڕێوشوێنێک بە پشتگوێخستنی شەراکەتی ڕاستەقینەی نێوان ھەموو پێکھاتەکانی و بەبێ ڕێزگرتن لە چوارچێوە یاسایی و دەستوورییەکان بگردرێتەبەر، دەبێتە ھۆی ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پارێزگاکەدا. لەم سۆنگەیەوە، داوا لە دامەزراوە قەزاییە پەیوەندارەکان دەکەین کە دەرفەتی چاوخشاندنەوە بەو بڕیارە نادادپەروەرانەیە لەدەست نەدەن، و یاسا و دادپەروەری جێبەجێ بکەن و ئەو ھەڵوێستە چەوتە ڕاست بکەنەوە. بەرپرسیارێتی خۆیان لە دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵکی کەرکووک بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە بگرنە ئەستۆ، بۆ مسۆگەرکردنی پابەندبوون بە بنەماکانی دەستوور کە مافی یەکسان بۆ ھەمووان دەستەبەر دەکات.
لە کۆتاییدا دووپاتی دەکەینەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک داکۆکیکاری شەراکەتی نیشتمانی ڕاستەقینە دەمێنێتەوە، و درێغی ناکات لەگەڵ ھەموو پێکھاتەکانی پارێزگای کەرکووک بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و بەشداریی و شەراکەتی راستەقینە لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان لە ژیانی کەرکووکیەکان بەبێ دەستێوەردانی نایاساییانە و پێشێلکردنی بنەماکانی دەستوور، بۆیە بەئەرکی خۆمانی دەزانین کە دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی ناڕەزایەتیەکان لەبەرامبەر ئەو بڕیارە و پشتگیری تەواوی سەرجەم ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان بکەین لەپێناو راستکردنەوەی ئەو ھەڵەیە و ھەڵگرتنی ئەو زوڵمەی لە ئیرادەی دەنگدەرانی پارێزگاکە دەکرێت.
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان




