سروە رەسووڵ بۆ KDP ههنگاوهكانی ئهو لیژنەیهی لەنێوان ھەرێم و بەغدا پێکھاتووە دهخاتهڕوو

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان گوتی، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بەم دۆخەی ئێستا ھەیە، ئەستەمە و کۆمەڵێک کێشەیان ھەیە، بۆیە لیژنەیەکی باڵا لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشانە پێکهاتووە.
سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لیژنەیەکی باڵا لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا لەبارەی پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان پێکھاتووە و بۆ عێراق ڕوون بووەتەوە ئاوارەکان ئامادە نین لە خێمەیەکدا بژین ئەگەر کێشەی راستەقینەیان نەبێت، بۆ نموونە رێککەوتننامەی شنگال ھەیە بەھۆی جێبەجێنەکردنی ئەو رێککەوتنامەیەوە ٣٥٠ ھەزار ئاوارەی شنگال لە ھەرێمی کوردستانن، بۆیە پێویستە رێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت.
سروە ڕەسووڵ گوتیشی، پێوستە ئەمن و سەقامگیری بۆ ئەو ناوچەیە بگەڕێتەوە و ھێزە چەکدارە نایاساییەکان لەوێ دەربکرێن، بۆ ئەوەی ترسیان نەبێت لە گەڕانەوە و چەندین جاریش گەڕاونەتەوە بەھۆی نەبوونی ئەمنیەت و پێکدادانی گرووپە چەکدارەکان لە ناوخۆی خۆیان، دیسان ئاوارە بوونەتەوە، بۆیه ئاوارەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان کە داھاتوویان دیار نەبێت و پێویستە ئەمنیەت بگەڕێتەوە و دواتر ئاوەدانکردنەوە و قەربووکردنەوەیان.
ڕوونیشی دەکاتەوە، بابەتی کەمپەکانی حەسەن شام تا ئێستا دوای ١٠ ساڵ ئاوارەیی بەڵگەنامەی یاساییان نییە و ئێستا لیژنەیەکی باڵا لە نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق پێکھاتووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتانە، کە تاوتوێ بکرێن و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان زیاتر گوتی، لە میانەی ھەوڵەکانی کابینەی ۹ـیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان JCC، لە چوارچێوەی بەرەوپێشبردنی سیستمی وەڵامدانەوەی قەیران و کارەسات لە ھەرێمی کوردستان، کە لە شەش مانگی ڕابردوو بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دامەزراندنی سەنتەری راوێژکاری کۆچ لە ھەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند و لقی یەکەمی سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ MRC لە پارێزگای ھەولێر کرایەوە و دوێنێش لقی دووەمی سەنتەرەکە لە پارێزگای سلێمانی بەفەرمی ڕاگەیەندرا، گرینگیی ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە کە کار دەکات لەسەر ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی، لە ھەمان کاتدا ھەل و دەرفەتە یاساییەکان بۆ گەنجان پیشان دەدات کە لە وڵاتانی بەشدار کە بەردەستن، ھەروەھا لەسەر ئەو کرێکارە بیانیانە کار دەکات کە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئاشانایان دەکات بە یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان.
لە ھەرێمی کوردستان ١١٧ ھەزار و ٢٣٦ خێزانی ئاوارە و ٨٤ ھەزار و ٩٣٧ خێزانی پەنابەر، کە دەکاتە ٢٠٢ ھەزار و ١٧٣ خێزان ھەیە، کە سەرجەمیان ٨٦٨ ھەزار و ٦٠٩ ئاوارە و پەنابەرن.
بڵند ئیبراھیم




