٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاری نانەکەلی زانیاری لەبارەی ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانەوە بۆ KDP دەخاتەڕوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- یاریدەدەری سەرۆکی لیژنەی سەرپەرشتی ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارتی لە نەینەوا پێی وایە، ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتی گۆڕانکاری دروستکردووە و کاریگەریشی لەسەر نوێبوونەوەی حزب ھەیە.

ئاری نانەکەلی، یاریدەدەری سەرۆکی لیژنەی سەرپەرشتی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە نەینەوا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لەسەر ڕێنمایی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتی، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتی لە لقەکانی سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم دەستیپێکردووە و لەچەند ڕۆژی ڕابردوو توانراوە پڕۆسەکە بەباشی بەڕێوەببەین، ئەمە قۆناغی دووەمی ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتییە لەچەند مانگی ڕابردووش ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی لقەکانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

نانەکەلی جەختیش دەکاتەوە: پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکان بەشێوەیەکی دیموکراسیانە و ڕێکوپێک بەڕێوەدەچێت و لە سنووری لقەکانی ٣-٥-١٤-١٧ ھەموو ئۆرگانەکانی پارتی لە ناوچە کوردستانییەکان و بەغدا بەڕێژەی جیاواز تەواوبوونە ھەر لە ھەڵبژاردنی بنکە تا دەگاتە لیژنەی ڕێکخراو و ناوچەکان ھەندێ شوێن گەیشتووەتە لق، دوا قۆناغ ھەڵبژاردنی مەکتەبی ڕێکخستنە ئەویش لە دوو ڕۆژی داھاتوو بەڕێوەدەچێت.

ئاری نانەکەلی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتیمان کاریگەری لەسەر نوێبوونەوەی حزب ھەیە، چونکە لە قۆناغی یەکەم ھەڵبژاردن بۆ ئۆرگانەکانی پارتیمان بەڕێوەچوو بینیمان خەڵکێکی گەنج و کادیری خاوەن بڕوانامە و لێھاتوو ھەڵبژێردران، پێموایە بەھۆی ھەڵبژاردنە ناوخۆیەکانی پارتیمان گۆڕانکاری نەوعی ڕوویداوە.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار