فوئاد حوسێن: هەفتەی داهاتوو هەولێر و بەغدا کۆدەبنەوە

داڤۆس-KDP.info- وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای دەکات، ھەفتەی داھاتوو کۆبوونەوەی شاندی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ دووەمجار بەڕێوەدەچێت و تێیدا گفتوگۆ لەسەر داھاتی نانەوتی دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: سەردان و بەشداری لە کۆڕبەندێکی جیھانیی وەک داڤۆس گرنگە.
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: لەم کۆڕبەندە گرنگانە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیاکان دروست دەکرێت لە بواری ئابووریدا، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە سەرۆکوەزیرانی کوردستان کۆمەڵێک سەرمایەداری لەگەڵ خۆی ھێناوە بۆ داڤۆس، ئەو سەرمایەدارانە دەتوانن ڕۆڵی گەورە ببینن لە گەشەکردنی ئابووری کوردستان، چونکە ئەو کۆڕبەندە ئابوورییە، زۆرینەی کۆمپانیا گەورەکانی جیھان بەشدارییان تێدا کرووە، گرنگە پەیوەندی لەنێوان کۆمپانیاکانی کوردستان و کۆمپانیا جیھانییەکان دروست بکرێت بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندییانە یارمەتی ئابووری کوردستان بدەن.
فوئاد حوسێن باس لەوەش دەکات: بەداخەوە دوێنێ و پێرێ لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە ماددەی ١٢ لە یاسای بوودجە نەدرا، ھەر کاتێک دەنگ بەو بڕگەیە بدرێت، کێشەی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان چارەسەر دەبێت، ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پەیوەستە بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرایشی کرد کە، ھەفتەی ڕابردوو لە ماڵی ئەودا، وەزیری دارایی فیدڕاڵ و شاندی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیان کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا زۆر بابەتیان باسکردووە، لەوانەش بابەتی داھاتی نانەوتی، لەبارەی ئەوەی چ ڕێژەیەک بۆ ھەرێمی کوردستان بێت و لەسەر چ بنەمایەکیش بێت، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: ھیوادارین لە کۆبوونەوەی دووەم کە ھەفتەی داھاتوو لەسەر پرسی داھاتی نا نەوتی و بابەتەکانی دیکە دەکرێت، بگەینە ڕێککەوتن.
لەبارەی گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: بڕیاری گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان بڕیارێکی گرنگ بوو کە دەبوو زووتر بدرێت، ئێستا عەدالەت ھاتە دی دوای ساڵانێکی زۆر لە زوڵم.




