سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە

داڤۆس-KDP.info- مەسروور بارزانی و ئەنتۆنیۆ گوتێرێز کۆبوونەوە و جەختیان لە ڕێزگرتن لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە.
لەمیانەی کۆبوونەوەکەی نێوانیان، دۆخی گشتیی عێراق و کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و جەخت لە ڕێزگرتن لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان کرایەوە.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ستایشی ھەوڵەکانی د.محەممەد حەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی UN و بەرپرسی (یوونامی) لە عێراق کرد بە ئاراستەی چارەکردنی کێشەکانی ھەولێر و بەغدا و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی عێراق.
گۆڕانکارییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاگربەستی غەززە و بە تایبەتی دۆخی سووریا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە بوو.
ھەردوولا ھاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و پشتیوانیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ئارامیی لە سووریا.




