سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کۆبووەوە

داڤۆس-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کۆبووەوە و بیروڕایان لەبارەی بەھێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق ئاڵوگۆڕ کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی قەتەر کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی بەھێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق ئاڵوگۆڕ کرا. سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بانگھێشتی قەتەر کرد.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە گۆڕانکاریی و پێشھاتەکانی سووریا، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ھەوڵەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ لە یەکنزیکردنەوەی لایەنە کوردی و سوورییەکان نیشاندا.
ھەروەھا ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و مافەکانی پێکھاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە.




