٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەنەكەسە كۆ ببێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەنەكەسە كۆ ببێتەوە، هاوكات مەسروور بارزانی لەمبارەیەوە گوتی، سەرۆك بارزانی ڕۆڵی لە نزیككردنەوەی لایەنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان هەیە و هیوادارین لایەنەكان بگەنە ئەنجامێك لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا.

فەیسەڵ یوسف گوتەبێژی ئەنەكەسە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی كۆ ببینەوە و كۆبوونەوەكەش دوای ئەوە دێت كە نوێنەری سەرۆك بارزانی لە ڕۆژئاوا سەردانی كردین، ئێمە بانگهێشت كراوین بۆ هەولێر و لێكتێگەیشتنێكی باشمان لەسەر پرسی یەكڕیزیی كورد هەیە لە ڕۆژئاوا، بەتایبەت دوای كۆبوونەوەكەی سەرۆك بارزانی و مەزڵووم عەبدی.

لە دوای ئەو گۆڕانكارییانەی لە سووریا هاتوونەتە ئارا، سەرۆك بارزانی دەستپێشخەریی بۆ نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان كرد،  بەم بۆنەیەوە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات كۆ بووەوە، چەندان جاریش لەگەڵ سەركردەكانی ئەنەكەسە كۆ بووەتەوە.

مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران، لە گوتارێكدا لە ماڵی كوردستان لە داڤۆسی سویسرا گوتی، سەرۆك بارزانی ڕۆڵی لە نزیككردنەوەی لایەنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان هەیە، هیوادارین لایەنەكان بگەنە ئەنجامێك لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا.

 

سۆران عەزیز

هەواڵی پەیوەندیدار