ئەنجامی كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆی شاندی هەرێم لە بەغدا لەبارەی بوودجە و مووچە ئاشكرا كرا

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ دووشەممەی شاندی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ لە بەغدا لەبارەی بوودجە و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانی خستەڕوو.
وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە بەسەرپەرشتی دکتۆر فوئاد حسێن جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووری کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش لەنێوان شاندی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێج جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدڕاڵ کە پێکھاتبوون لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بەڕێوەچوو.
وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان ئامادەبوون، لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کرا و ھەردوولا ھاوڕابوون کە ھەموو ھەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەم ساڵدا، ھاوکات داواکارییەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کە ساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بە داتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا ڕێککەوتن کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو کۆبوونەوەی ھاوبەش ئەنجام بدرێت کە تیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاەاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت.
وەزارەتی دارایی بڵاویشی کردەوە: ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی ھاوبەش لە ھەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و وەزارەتی دارایی ھەرێم پێکبھێنرێت و لەسبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان دەستبەکاربن و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای ھەفتەی داھاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی ھەردوولا بۆ ساڵی ٢٠٢٥.
ھەر ئەمڕۆ شاندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی ھاوبەشی ھەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی ھەرێم بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، ھەردوولا جەختیان لە پێویستی ھاوکاری و ھەماھەنگی بۆ ئەم قۆناغە کردەوە تا بە ھاوبەشی داکۆکی لە ماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بکرێت.




