ڤیان سەبری ھۆکاری پەسندنەکردنی ھەمواری ماددەی ١٢ بۆ KDP ئاشكرا دەكات

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ھۆکاری پەسندنەکردنی ھەمواری ماددەی ١٢ لە یاسای بودجەی عێراق تایبەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، شیعەکان رێگر بوون، چونکە ئەوانیش داوایان دەکرد ماددەیەکی دیکەی بودجە ھەموار بکرێتەوە، کە ئەوەیان پەیوەندی بە ماددەی ١٢وە نییە و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە قازانجی عێراق و ھەرێمی کوردستاندایە.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بڕیار بوو ھەمواری ماددەی ١٢ی تایبەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە پەسند بکرێت، بۆ ئەوەی دووبارە هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە، بەڵام ھەندێک لایەنی شیعی لە پەرلەمان ڕێگر بوون و نەتواندرا پەسند بکرێت، چونکە ئەوانیش داواکارییەکیان ھەبوو و پێویستە لەگەڵ ھەمواری ماددەی ١٢ لە یاسای بودجە ماددەی ١٤ش ھەموار بکرێتەوە، کە ئەو ماددەیە باسی شایستەی پارێزگاکانی عێراق دەکات، کە خاوەن نەوتن، ئەوەش پەیوەندی بەو ماددەیەوە نەبوو و بڕیار بوو پەسند بکرێت.
سەبری گوتیشی، ئەو ماددەیەی ھەندێک لە شیعەکان باسی لێوە دەکەن، پەیوەندی بە ماددەی ١٢ی تایبەت بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان نییە و ئەوە خۆی پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی عێراقەوە ھەیە و ئەوان ئامادە نین جێبەجێی بکەن، چونکە ھەمواری ماددەی ١٢ی تایبەت بە نەوتی ھەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندیی عێراق و ھەرێمی کوردستاندایە، بۆیە گرنگە ھەموار بکرێتەوە و پەسند بکرێت، بۆ ئەوەی دووبارە هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە، کە ئەوەش لە قازانی عێراق و ھەرێمی کوردستاندایە، بۆیە لە ھەوڵەکان بەردەوام دەبین تاوەکو پەسند بکرێت و دووبارە هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە.
بڵند ئیبراھیم




