مەسروور بارزانی گەیشتە سویسرا

سویسرا-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتە سویسرا بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، کە ئەمساڵ بە دروشمی (هاریکاریی لە پێناو سەردەمی زیرەکدا) لە ڕۆژانی 20 - 24 /1 بەڕێوەدەچێت.
لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ، زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات و دەرفەتەکانی برەودان بە هاریکاریی لەگەڵ هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات، بەتایبەتی لەبوارەکانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێناندا.
هەروەها ئەمساڵ (ماڵی کوردستان Kurdistan House ) لە داڤۆس، کە ساڵی ڕابردوو لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت کرایەوە، چەندین چالاکی بە بەشداری ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و سەرمایەدار و خاوەنکارانی کوردستان ڕێکدەخات بە ئامانجی ناساندنی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
بەشداریی سەرۆکی حکوومەت لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدایە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلوماسی و پێشخستنی پرۆسەی وەبەرهێنان وگەشەپێدانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستاندا.




