ڕۆژنامەی زە جۆردەن تایمز ناوەرۆكی دیدارەکەی شا عەبدوڵڵا و مەسروور بارزانی دەخاتەڕوو

ئوردن-KDP.info- شا عەبدوڵڵای شای ئوردن پشتیوانی گەشەپێدانی زیاتری هەرێمی کوردستان دەکات لەسەرجەم بوارەکاندا، بۆ ئەمەش لە دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی خەجتیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردووەتەوە.
ڕۆژنامەی زە جۆردەن تایمزی ئوردن ڕاپۆرتێکی لەبارەی دیداری سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی و شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، "لە کۆبوونەوکەدا باس لە پەیوەندییە مێژوویی و بەهێزەکانی هەرێمی کوردستان و ئوردن کراوە، هاوکات هەردوولا جەختیان لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عەممان و هەولێر کردووەتەوە.
ڕۆژنامەکە کە بە زمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، نووسیوتی، "دیدارەکەی شا عەبدوڵڵا و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی بەسمان بەڕێوەچووە و باسیان لە چۆنێتی فراوانکردنی پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان کردووە.
لای خۆیەوە شای ئوردن پشتیوانی خۆی بۆ بەرەو پێشچوونی هەرێمی کوردستان لەسەرجەم بوارەکاندا دووپاتکردووەتەوە.
هەروەها گفتوگۆ لە بارەی پێشهات و پەرەسەندنەکانی ئێستای ناوچەکە کراوە، بەتایبەتی دۆخی غەززە و سووریا، لەمبارەوە سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی ڕۆڵی شا عەبدوڵڵای لە سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەدەستهێنانی ئاشتی بەرز نرخاندووە.




