بەڕێوەبەری بەنداوەکان بۆ KDP: بەنداوەکانی ھەرێم تووشی کەمئاوی نەبوون

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ باران کەم باریوە، بەڵام تا ئێستا بەنداوەکانی ئێمە تووشی کەمئاوی نەبوون و دەشڵێ، چاوەڕێ دەکرێت ئەمساڵ بودجە دابین بکرێت و دەست بە دروستکردنی چوار بەنداوی گەورە لە ھەرێمی کوردستان بکرێت.
ڕەحمان خانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا بارانبارین وەکو پێویست نییە، بەڵام زۆرینەی بەنداوەکانی ئێمە ئاوی پێویستیان تێدایە و ئەگەر باران نەبارێت، کاریگەری لەسەر بەرھەمەکانی کشتوکاڵ دەبێت، بەڵام جارێ زووە بڕیار بدەین و تا ناوەڕاستی مانگی پێنجیش ئەگەری بارانبارین ھەیە، بۆیە ئێمە لە مانگی دوو و سێ و چواردا زۆرترین داھاتی ئاو بۆ بەنداوەکان دابین دەکەین، بۆیە تا ئێستا ھیچ گرفتێکمان لە بەنداوەکان نییە.
خانی گوتیشی، لە ھەرێمی کوردستان بەنداوە گەورەکان دووکان و دەربەندیخان و دھۆک و گۆمەسپان ھەن و ئەوانەی دیکەش ٢٠ بەنداو دەبن، کە بچووکن.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، بۆ دروستکردنی چوار بەنداوی گەورە لە ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆداین و چەندین کۆبوونەوە ئەنجام دراون و گفتوگۆی باشمان کردووە، کە بڕیارە لە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی دروست بکرێن و ئەوانیش رەزامەندن و چاوەڕێ دەکەین لە بودجەی ئەمساڵدا پارەی بۆ تەرخان بکرێت و دەست بە دروستکردنیان بکرێت، چونکە شەش بۆ حەوت ساڵ پێویستە تا بەنداوی گەورە دروست دەکرێن، بۆیە بودجە ئەمساڵ دیاری بکرێت، دەست بە دروستکردنی بەنداوەکان دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




