٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی پیرۆزبایی ڕاگەیاندنی پارتی بەبۆنەی یادی ٢٦ ساڵەی دامەزراندنی کوردستان تیڤی

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیڕی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ٢٦ ساڵەی دامەزراندنییەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی (کوردستان تیڤی) کرد و ڕایگەیاند، کوردستان تیڤی لەو ماوەی کار و چالاکییەکانیدا ھەمیشە بڵندگۆی ڕاستەقینەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و ڕۆشنبیران و ھونەرمەندان بووە، خزمەتێکی زۆری کایە ڕۆشنبیری و ئەدەبیی و ھونەرییەکانیشی کردووە، بۆیە جێگەی شانازی و دەستخۆشییە.

دەقی پەیامە پیرۆزباییەکەی بەشی ڕۆشنبیڕی و ڕاگەیاندن بەبۆنەی ٢٦ ساڵەی دامەزراندنی کوردستان تیڤی:

بەڕێزان سەرپەرشتیاری گشتی و ستافی بەڕێوەبردن و سەرجەم کادیر و کارمەندان و ھونەرکاران لە کەناڵی ئاسمانیی کوردستان تیڤی.

لە (٢٦)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان تیڤی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و بینەرانی ئازیزی کەناڵەکەتان دەکەین، ھیوادارین وەک ھەمیشە دڵسۆزانە و بەرپرسانە برەو بە بەرنامەکەتان بدەن و ڕەنگپێدەری خواستە ڕەواکانمان و پرسە ھەنووکەییەکان بن.

کەناڵی ئاسمانیی کوردستان، لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا، کە بە بڕیار و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (سەرۆک بارزانی) دامەزرا، دەسکەوتێکی دیکەی ئەو کاروانە پڕ بەخششەی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمانە.

ئەم کەناڵە وەک یەکەمین کەناڵی ئاسمانیی پێشەنگ، توانیویەتی بە بەرنامە و پلانێکی ڕێکوپێک و بە پڕۆسەیەکی خەمخۆرانە بێتە ناو گۆڕەپانەکە و، بێ سرەوتن ھەنگاوی سوودبەخشانە بنێ و قۆناغێکی نوێ لە بواری میدیایی لە ھەرێمی کوردستان دروست بکات و بەرەو پێشەوەی ببات.

ھەروەھا بەپێی ڕوانگەیەکی پیشەوەرانەش مامەڵە لەگەڵ بابەت و ھەواڵ و ڕووداوەکان بکات و بێ جیاوازی ھەواڵ و ڕووداوەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕووماڵ بکات، کوردستان تیڤی لەو ماوەی کار و چالاکییەکانیدا ھەمیشە بڵندگۆی ڕاستەقینەی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە و ڕۆشنبیران و ھونەرمەندان بووە، خزمەتێکی زۆری کایە ڕۆشنبیری و ئەدەبیی و ھونەرییەکانیشی کردووە، بۆیە جێگەی شانازی و دەستخۆشییە.  

جارێکی دیکە وێڕای سوپاسگوزاری و دەستخۆشیمان پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ بەرەوپێشچوونی دەزگەکەتان وەک دامەزراوەیەکی میدیایی ھاوچەرخ و پڕۆفیشناڵ دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین ھەر لە پێشکەوتن و سەرکەوتن دابن.

 

بەشی ڕۆشنبیڕی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

١٧ی کانوونی دووەمی 

هەواڵی پەیوەندیدار