د. موسا کەڤاڵ: پێویستە ھەموو کورد پشتگیری لە دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی بکات

ڕۆژئاوای کوردستان -KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێت "سەرۆک بارزانی دەیەوێت کورد سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت ھاتۆتە پێش، ھەموو وڵاتانی جیھانیش پشتگیری لە کورد دەکەن، بەڵام پێویستە یەکڕیز بین و پشتگیری لە دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی بکەین، چونکە لە قازانج و بەرژوەندی میللەتی کورد دایە".
د.موسا کەڤال، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە ھەموو بوارەکان، زۆر گرینگە و بۆ ھەموو پرس و دۆزێکی کورد لە ھەرچوار پارچەی کوردستان، بۆیە ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانی لەسەر ئاستی باشوور و پارچەکانی دیکەی کوردستان و نێودەوڵەتیش کاریگەری خۆی ھەیە، ئەو کاری سەرۆک بارزانی پێی ھەڵساوە زۆرگرینگە و بەرپرسیارەتییەکی مێژووییە، ھیوادارم ئەنجامی گەورە و گرینگی ھەبێت و لە بەرژوەندی میللەتی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان بێت، چونکە پرسی کورد لە ھەر چوار پارچە پێکەوە گرێدراوە، بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەگەر ئەم دۆخەی ھاتۆتە پێش لە کورد تێکبچێت کاریگەری خراپی لەسەر پارچەکانی دیکەش دەبێت، ئەوکات مەترسی نێودەوڵەتی لەسەر ھەموو کورد دەبێت، سەرۆک بارزانی زیاتر ھەست بەو بەرپرسیارەتییە دەکات".
د.موسا کەڤال گوتیشی "ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانی بۆ یەکڕیزی نێوماڵی کوردی و پاراستنی مافی گەلی کورد لە ڕۆژئاڕوای کوردستان گرینگە کە دەزانین چەند زوڵم لە کوردانی ڕۆژئاوا کراوە دوای ئەوەی بەعس لە سوریا ھاتە سەرحوکم، ئەویش گرێدراوی حزبی بەعسی عێڕاقە کە کوردی جینۆساید کردووە، چونکە حزبی بەعسی عێڕاق لەسەرەتاوە لە حزبی بەعسی سوریا دروست بوو، سەرۆک بارزانی ھەنگاوێکی مێژوویی ناوە و پێویستە لە ھەر چوار پارچەی کوردستان پشتگیری ئەو یەکڕیزییەی گەلی کورد بکەن، چونکە یەکڕیزی کورد نابێتە تەعەسوبی نەتەوەیی، تەنیا دەمانەوێت ئەو زوڵمەی لەسەر کورد ھەیە نەمینێت، بۆیە پێویستە ھەمووان پشتگیری بکەین، بۆ ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێککەوتن دروست بێت، لەبەر ئەوەی بێ تەوافوق کورد جگە لە زوڵم هیچی نەدیوە".
کەڤال باسی لەوەش کرد "ھیچ ڕێگایەک لەبەردەم کورد نییە جگە لە یەکڕیزی و یەکبوون، ناکرێت ترسمان لەو وڵاتانە هەبێت کە دژی ئێمەن، چونکە ئەوان سیاسەتیان دژی کورد ناگۆڕن، بەڵام گەر کورد بەھێز بێت ئەوانیش ھەڵوێستیان بەرامبەر کورد دەگۆڕێت و قیمەت بەکورد دەدەن و مافەکانیان دەدەن، کوردیش ئەگەر یەک نەبن بەهێز نابێت، بۆیە باشترین ڕێگا ئەوەیە سەرۆک بارزانی گرتوویەتییە بەر بۆ یەکڕیزی، ھەموو وڵاتانی جیھانیش پشتگیری دەکەن.
بڵند ئیبراھیم




