٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کەشناسێک بۆ KDP: چلەی زستانی ئەمساڵ جیاواز دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- شارەزایەکی کەشناسی پێی وایە، چلەی زستانی ئەمساڵ جیاوازە لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، دەشڵێ، کورد جوانی گوتووە ئەمسەری چلە و ئەوسەری چلە تێدا دەبارێ بەفرێکی زلە.

محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ڕۆژی ١٥ی کانوونی دووەم، بەرانبەرە بە ٢٥ی بەفرانبار، یەکەم ڕۆژی چلەی زستانە، ھەروەھا وەرزی زستان بریتییە لە ٩٠ ڕۆژ پاش ٢٥ ڕۆژ لە ھاتنی زستان ئیتر لە کوردستاندا پێی دەوترێت چلە، ئەم ناوەش لەوەوە ھاتووە لەمسەرەوە ٢٥ ڕۆژ و لەو سەرەوەش ٢٥ ڕۆژ ناوەڕاستەکەش ٤٠ ڕۆژە بۆیە پێی دەوترێت چلە، دیارە چلەی ھاوینیش ھەر بەو پێوەرە دیاریکراوە، سەختترین ڕۆژەکانی زستان ئەو چل ڕۆژەیە، کە لە ٢٥ی بەفرانبارەوە دەست پێدەکات و پاشان دەکەوێتە مانگی ڕێبەندان، ئەم دوو مانگەش ناوی خۆیان بە خۆیانەوە.

ئەو کەشناسە دەشڵێت: کورد ناوی مانگەکانی زۆر جوان داناوە، دەربارەی چلەی زستان پێشینانی کورد وتوویانە ئەمسەری چلە و ئەوسەری چلە تیایدا دەبارێت بەفرێکی زلە، یاخود ئەمسەری چلە و ئەوسەری چلە، ناوەڕاستەکەی بەفرێکی زلە.

محەممەد کەمال پێشی وایە، جیاوازی زستانی ئەمساڵ لەگەڵ پارساڵ ئەوەیە کە ئەمساڵ ئاستی دابارینی باران لەخوار ئاستی ساڵانەوەیە لە کاتێکدا پارساڵ لەناو چلەی زستاندا باران بارین بەردەوامی ھەبوو لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ڕێژەی بەفربارین زیاتر بووە لەچاو پارساڵدا و سەرماوەرز زووتر دەستیپێکرد، بەتایبەت لەناو وەرزی پایزدا یەکەم بەفر لە ھەرێمی کوردستان تۆمارکرا.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: جیاوازیەکی دیکەمان ئەوەیە پارساڵ ئاستی پلەی گەرما لەیەک ڕێژەدا بووە و لەنێوان نزم بۆ ئاسایی بووە، بەڵام ئەمساڵ لە ھەندێک ڕۆژەکاندا پلەی گەرما بۆ سەروو ئاسایی بەرزبوەتەوە و لەشەویشدا وشکە سەرما بووە ئەمەش بەھۆی جێگیربوونی بەرزە پاڵەپەستۆیەکانە لەسەر ھەرێمی کوردستان و دیاردەی لانینا لەسەر ڕووی زەریای ھێمن.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار