ڕاگەیاندنی پارتی ڕێز لە شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ (ئەحمەد تاقانە) دەگرێت

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ـ١ـ٢٠٢٥ لە شاری ھەولێر، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی (پ.د.ک)، بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و نووسەران و ئەدیبان، ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە نووسەر و شاعیر و وەرگێڕی نێودار (ئەحمەد تاقانە) بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە (گوتار، ژیاننامە، پەیڤین، خەڵاتی ڕێزلێنان، دابەشکردنی کتێب)ی لە خۆگرتبوو، لە دەستپێکدا، بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدان، سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریس)ـی ھەمیشە لەیاد دەستیپێکرد.
دواتر دکتۆر سالار عوسمان، گوتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند: مامۆستا ئەحمەد تاقانە، دوو خەسڵەتی زۆر گرنگ و پڕ بەھای ھەیە: یەکەم، ئەحمەد تاقانە، لەو نووسەرانەیە لە بواری جددیدا بە قووڵیی کاری کردووە، گەر سەیری بەرھەمەکانی بکەین زۆر بە وریاییەوە کاری کردووە، بەرھەمە پڕ بایەخەکانی مامۆستا، نیشانەی ئەوەیە ئەو پتر خوێنەرە. دووەم: زاھیدبوون و خۆنەویستی، وێڕای ئەوەی بەرھەمەکانی مامۆستا ئەحمەد تاقانە زۆرن، بەڵام ئەو لە میدیا و سۆشیال میدیا دوورە، کە ئەمەش خەسڵەتی پیاوە گەورەکانە.
لە درێژەی گوتارەکەیدا د.سالار، ئەوەیشی خستەڕوو: ئەو بەرھەمدارییەی ئەو ھەیەتی خەسڵەتێکی تایبەتە دەتوانین وا پێناسەی بکەین، زۆرترین بەرھەم واتا سەرکەوتنی گەورە بۆیە جێگەی دەستخۆشییە.
دواتر، ژیاننامەی شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ (ئەحمەد تاقانە) لەلایەن (ڕێدار سابیر) خوێندرایەوە.
بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکە تایبەت بوو بە خوێندنەوە بۆ لایەنی ھزری و پێگەی کۆمەڵایەتیی شاعیر، (محەممەد حەمە باقی) خوێندنەوەی بۆ ئەم دوو لایەنەی شاعیر کرد، ھاوکات نووسەر شاعیر (سەباح ڕەنجدەر) لەبارەی ئەزموونی شیعریی (ئەحمەد تاقانە) ئاخاوت.
پاشان بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان خەڵاتی ڕێزلێنان، ھەروەھا گوڵی ڕێز و وەفای پێشکەش بە (ئەحمەد تاقانە) کرد.
لە دومایی ڕێوڕەسمەکەدا، (ئەحمەد تاقانە) گوتارێکی پێشکەشکرد و سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد، کە ھەستاون بە ڕێکخستنی ڕێوڕەسمەکە.





