شێروان حەیدەری: "عێڕاق بەم کارەی دوو ماددەی دەستووری پێشێل دەکات"

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەگەر حکوومەتی عێڕاق بەبێ ھەرێمی کوردستان کار لە کەرتی نەوت لە ناوچە کوردستانییەکان بکات، دوو ماددەی دەستووری پێشێل دەکات، ئەو کات ھەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی بەپێی دەستوور سکاڵا تۆمار بکات".
شێروان حەیدەری، وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "حکوومەتی عێڕاق بە نیازە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانی لەبارەی کەرتی نەوت لە سنووری کەرکووک ئەنجام بدات، ئەمەش کارێکی نایاسایی و نادەستوورییە، چونکە بەپێی دەستووری عێڕاق، پێویستە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ئیدارەی ھاوبەش ھەبێت بۆ چۆنیەتی بەرێوەبردنی پرۆسەی نەوت لەو ناوچانە، لە ماددەی ١١٢ و ١١٥ باسی ئەوە کراوە، پێویستە عێڕاق ھەرکارێک بکات لە ناوچە کوردستانییەکان بە ھاوبەشی بێت لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش پێشێلی دوو ماددەی دەستووری عێڕاقە و ناکرێت عێڕاق تاک لایەنە ئیدارەی پرۆسەی نەوت بکەن، دەستوور ڕێگەیان پێ نادات".
شێروان حەیدەری گوتیشی "ئەو پرسە پەیوەندی بە دەستوورەوە ھەیە، ئەوانیش دەڵێن، ئەوەی دەیکەن کارێکی دەستوورییە، پێویستە دادگا ئەوە یەکلایی بکاتەوە، ئەو دادگایەش دادگای فیدراڵییە، بۆیە پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگە نەدات عێڕاق لە پێشێلکردنی دەستوور بەردەوام بێت، چونکە ئەگەر خۆمان بێدەنگ بکەین ئەوان زیاتر دەستوور پێشێل دەکەن".
حەیدەری باسی لەوەش کرد "ئەوان نیەتیان باش نییە، ئەوان لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانی ڕێککەوتوون و دەیانەوێت بەرھەمی نەوت لە کەرکووک زیاتر بکەن و کێڵگەکان فراوان بکەن و بیری تازەی نەوت لێ بدەن، بۆیە نابێت ڕێگەیان پێ بدرێت، چونکە ئەوەیان بۆ بچێتە سەر ڕەنگە دواتر زیادەڕۆیی بکەن بۆ ناو ھەرێمی کوردستان".
بڵند ئیبراھیم




