٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سه‌رۆكى حکوومەت و جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، لەگەڵ ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و  گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و سووریا تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و  گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و سووریا تاوتوێ کرد. 

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا، چونکە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە و  وەستانی، زیانێکی زۆری بە بودجەی گشتیی عێراق گەیاندووە.

لەلایەن خۆیەوە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، جەختی لە گرنگیی پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی وڵاتەکەی کردەوە.

بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پێویستی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی بودجەدا جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری بنێرێت. 

هەر لەم دیدارەدا، دۆخی گشتی سووریا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو وڵاتە.

لە دیدارەکەدا، ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ریكا لە هەرێمی کوردستان و سکۆت بۆڵز نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادەی بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار