سەروەر ھاواری بۆ KDP: بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە سەردانی بەغدا دەکەین

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ چارەسەری رێگریکردن لە ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بۆ عێراق، شاندێک پێکھاتووە و بڕیارە سەردانی بەغدا بکات، بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین.
سەروەر ھاواری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ھەوڵەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خاوەنکار و کارگەکان لە ھەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو بازگانەی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق دانراون و لە ئێستادا دوو ڕێگا لەبەردەممان ھەن، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین و ڕێگری لە ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بۆ عێراق نەکرێت.
ھاواری گوتیشی، یەکەم ڕێگا ئەوەیە، لە ئەنجوومەنی ئابووری داوەتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کراوە تا ئامادە بن لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزارەت بۆ ئابووری، کە دکتۆر فوئاد حوسێن سەرۆکایەتی دەکات، بۆ ئەوەی لەوێ ئەو پرسە گفتوگۆی لەسەر بکرێت، کە تاچەند ڕەوایە بابەتی ڕێگریکردن لە بەرھەمەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی عێراق، ڕێگای دووەم ئەوەیە، لیژنەیەک پێکھاتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە نێوان وەزارەتی بازرگانیی ھەرێم و عێراق، کە لە خۆم و بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی پێکھاتووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی بەغدا دەکەین، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین و ھەوڵ بدەین چارەسەری گونجاو بۆ ئەو کێشەیە بدۆزینەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەیەکی زۆرە بەغدا ڕێگری لە چوونی بەرھەمی کارگەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ عێراق دەکات بە بیانووی ئەوەی بەشێک لە کارگەکانی ھەرێمی کوردستان لە عێراق مۆڵەتیان نییە و تەنیا لە ھەرێمی کوردستان مۆڵەتیان ھەیە.
بڵند ئیبراھیم




