٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئه‌مڕۆ ساڵێك به‌سه‌ر شه‌هید كردنی پێشڕه‌و دزه‌یی و كچه‌كه‌ی تێده‌په‌ڕێت

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- کاتژمێر 11:30ی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر به‌ ده‌نگی به‌رزی مووشه‌كی بالیستی به‌خه‌به‌ر هاتن، كه‌ ماڵی پێشڕەو دزه‌یی سه‌رمایه‌داری شاره‌كه‌ كرایه‌ ئامانج.

دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و ئاژانسی تەنسیمی سەر بە سوپای پاسداران بڵاویكرده‌وه‌، بە گوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانیان لە عێراق هەشت شوێن لە دەوروبەری کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کراونەتە ئامانج. 

یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج، ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فالکۆن و کەڕەم میکایلی هاوڕێی و هه‌روه‌ها كچه‌ بچووكه‌كه‌ی پێشڕه‌و دزه‌یی بوو كه‌ لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستدا. 

هەر لە هێرشەکەدا هانا جووتیار، پزیشکی ددان، کە هاوژینی پێشڕەوە، لەگەڵ ڕەوان پێشڕەو تەمەن 7 ساڵ و  ڕۆژ پێشڕەو، کە تەمەنی لە نێوان 25 بۆ 27 ساڵە و هەر لەگەڵ باوکی کاری کردووە، بریندار بوون.

دوای چوار کاتژمێر لە بۆردوومانکردنی ماڵەکەی، تەرمی ژینا، منداڵەکەی پێشڕەو دزەیی كه‌ ته‌نیا ده‌ ڕۆژ ته‌مه‌نی مابوو ببێته‌  یه‌ك ساڵ، لە ژێر داروپەردووی خانووەکەیدا دۆزرایەوە.

له‌ رۆژی16ی كانوونی دووه‌می و2024، به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی و كه‌سوكار و جه‌ماوه‌رێكی به‌رچاو، ته‌رمی پێشڕەو دزه‌یی و كچه‌كه‌ی به‌خاك سپێردرا.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 26ی شوباتی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ڕۆژ پێشڕەو دزه‌یی کوڕی شەهید پێشڕەو دزەیی و دکتۆر عەبدوڵڵا مەجید دزەیی برای شەهید پێشڕەو دزەیی کرد.

لە دیدارەکە دا سەرۆک بارزانی هیوای سەلامەتی و تەندروست باشی بۆ کاک ڕۆژ و بریندارەکانی دیکەی کارەساتی موشەکبارانکردنەکەی سەر هەولێر خواست.

شه‌هیدكردنی پێشڕەو دزه‌یی و كچه‌ بچوكه‌كه‌ی كاردانه‌وه‌ی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیی لێكه‌وته‌وه‌ و به‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ ناونرا.

هەواڵی پەیوەندیدار