هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان تاوتوێ کرد

ھەولێر-KDP.info- لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، شاندێکی سەربازیی و دیپلۆماسی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازیی ھەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە کۆبوونەوە و ڕێکار و میکانیزمەکانیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و شاندێکی ھاوبەشی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریکی، سەبارەت بە پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، لایەنی ھەرێمی کوردستان کە لە ژمارەیەک بەرپرس و پەیوەندیداران لە سەرۆکایەتی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگە پێکھاتبوو، لەگەڵ شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی جەنەڕاڵ کێڤن لێیھی، فەرماندەی ھێزی ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش و پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەیان تاوتوێ کرد.
وەک لە ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ھاتووە، لەبارەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە، وێڕای خستنەڕووی دوا ھەنگاوەکانی پڕۆسەکە، گرنگیی پڕۆسەکە و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرانەوە.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داھاتووش، جەخت لە ھاوکاری و ھاریکاریی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا بە ئاراستەی سەرخستنی پڕۆسەکە کرایەوە، سەرباری دۆخی گشتیی ناوچەکە، پێشھات و ڕووداوەکانی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.




