٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حەفیدزادە بۆ KDP: كاتی یەكگرتوویی و پەیڕەوکردنی ڕێنماییەكانی سەرۆك بارزانییە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- كەسایەتییەکی سیاسیی دیاری كورد ڕایدەگەیەنێت، گۆڕانكارییەکانی ناوچەكە پێمان دەڵێن، كاتی ئەوەیە کورد یەكڕیز بێت و پشتیوانی لە حكوومەتەكەی خۆمان بكەین، كێشەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بكەین و گرنگ بوو حكوومەتی هەرێم پەیامی ڕوونی بە بەغدا دا. دەشڵێ، هەموو لایەك دەبێت پەیڕەوی لە بۆچوون و ڕێنماییەكانی سەرۆك بارزانی بكەین.

شێخ مەحموود حەفیدزادە، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "لە ئێستادا سەركردایەتیی سیاسیی كورد و حزب و لایەنە سیاسییەكان، هاوهەڵوێستن لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتییمانییەكان، تاكو ئێستاش ئێمە لە قۆناخی ڕزگاریی نیشتیمانیداین، دۆخێك هاتووەتە پێشەوە چاوەڕێ دەكرێت گۆڕانكاریی گەورە لە ناوچەكەدا ڕووبدات، دەبێت هەموو بابەتە لاوەكییەکان وەلاوە بنێن و بە تێكڕا لەسەر بابەتە گشتییەكان یەكڕیز و یەکگوتار بین.

حەفیدزادە گوتیشی، "یەكڕیزیی نەتەوەكەمان گرنگە و ساڵانێكە سیاسەتێكی نادادپەروەرانە بەرامبەر حكوومەت و خەڵكی كوردستان گیراوەتە بەر بۆ برسیکردنی نەتەوەكەمان، پێویستە بەرامبەر بەو پیلانگێڕیانە بوەستینەوە و لەسەر یەك ستراتیژ كار بكەین، بۆ ئەوەی دەرفەتەكان بقۆزینەوە بەرامبەر ئێستا و داهاتووی گەلەكەمان و سەربەرزانە بڵێین، ئێمە ئەو هەنگاوانەمان ناوە و توانیومانە بەرژەوەندیی باڵای گەلەكەمان بپارێزین.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، "كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە حكوومەت و پەرلەمانی عێراق، زۆر گرنگ بوو، هەڵوێستەكانی جەنابی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بەرز دەنرخێنین و پاڵپشتی دەكەین و لە كاتی خۆیدایە، حكوومەتەكەمان ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ بەرگری لە دەستكەوتەكان درێخی نەكردووە، بۆیە پێویستە هەموو حزبەكان پاڵپشتیی سیاسەتی حكوومەت و سەرۆكی حكوومەت بكەین، كێشەكانمان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و بڕیاری كۆتایی بدرێت، كورد نەفەسی درێژ بووە و لێبووردە بووە، ئێستا دۆخی خەڵك و مووچەخۆرانمان خراپە و كاتی ئەوە هاتووە یەكلا بكرێتەوە، نابێت هەر گرفتێكی سیاسی هەبێت، قووت و ژیانی خەڵك تێكەڵ بكرێت، ئەوە سیاسەتێكی مەترسیدارە و زیانی زۆر بە خەڵكی خۆمان دەگەیەنێت.

دەشڵێ: جەنابی سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعی باڵای نەتەوەكەمان لەم قۆناخەدا و وەك باکگراوندی سیاسی و شۆڕش، خاوەنی ئەزموونێكی گەورەیە و هەمیشە داكۆكیكاری مافە نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان بووە، بۆیە پێویستە حزب و لایەنە سیاسییەكان گوێڕایەڵی بۆچوون و سیاسەتەكانی بن و پشتیوانیی لێ بكەن، ئێمە دڵنیاین جەنابی سەرۆك هەنگاوی زۆر هۆشیارانەی ناوە لە هەوڵی جیددی بۆ ڕێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستان لە ڕابردوو و ئێستادا، دڵنیاین یەكگوتاری بەم زووانە دروست دەبێت و حزبەكان هەستیان بەو مەترسییە كردووە کە لەسەر دۆزی ڕەوای كوردستان هەیە، هەموو لایەك دەبێت بەرگری بكەین لە مافە نەتەوایەتییەكانی كوردستان و پێكەوە بتوانین پیلانگێڕییەكان تێك بشكێنین بە پشتیوانیی خوا و هیمەتی هەموو لایەنەكان.

 "هەموومان خاوەنی دەستكەوتەكانی كوردستانین، حكوومەت، حکوومەتی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، خەباتی چەندین ساڵەی نەتەوەی كورد و خوێنی زۆر ڕژێندراوە بۆ ئەم دەستكەوتانە و ئەگەر كێشە هەبێت لە ناوخۆدا، قابیلی دانیشتن و گفتوگۆیە و پێویستە چارەسەری بكەین". حەفیدزادە وای گوت.

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار