سەرۆکی ئەنەکەسە بۆ KDP: ئامادەکاری بۆ پەیامی سەرۆک بارزانی دهکەین

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) ڕایگەیاند، پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان زۆر گرنگ بوو، بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا و قەسەدە بگەنە رێککەوتن، چونکە چاوی نەتەوەی کورد لە سووریا و جیھانیش لە سەرۆک بارزانییە دەرچەیەک بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان یەکڕیز بن و بگەنە ڕێککەوتن.
محەمەد ئیسماعیل، تایبهت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگهیاند، سەرۆک بارزانی ھەمیشە خەمخۆری نەتەوەی کوردە لە ھەر کوێ بێت و ئێستاش ھەموو چاوی جیھان لەسەر سووریایە بەھۆی ئەو دۆخەی لە سووریا دروست بووە و نەتەوەی ئێمە دەیەوێت لەم بارودۆخە شتێک قازانج بکات دوای خەباتێکی دوورودرێژ و ناخۆشی، بۆیە خەڵکی سووریا و جیھانیش چاویان لە سەرۆک بارزانییە دەرچەیەک بدۆزێتەوە بەھۆی ئەوەی ئێستا ناوماڵی کوردی یەک نییە، بۆیە سەرۆک بارزانی دەتوانێت وابکات ناوماڵی کورد یەک بخرێت و ئەو ناکۆکیانەی هەن نەمێنن و ببنە یەک ھێز، بۆیە وەکو ھەنگاوی یەکەم نوێنەری سەرۆک بارزانی دوێنێ ھاتە رۆژئاوای کوردستان و لەگەڵ مەزڵوم عەبدی و سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کۆبووەوە و پەیامی سەرۆک بارزانی گەیاند و باسی لەوە کرد، سەرۆک بارزانی رێز و سڵاوی ھەیە و خەمخۆی دۆزی کوردە لە سووریا و دەیەوێت یەکھەڵوێست بن لەم قۆناغەدا، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو و ئێستا بنەمایەکی باش دانراوە و ھیوادارین ھەنگاوەکانی داھاتوو باشتر بن، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی نەتەوەی خۆمان بکەین.
ئیسماعیل گوتیشی، ئێمە دەمانەوێت دانیشتن لەگەڵ قەسەدە دروست بێت، تا بگەینە بڕیارێکی ھاوبەش و ھەندێک گەرەنتی ھەبن رێککەوتن جێبەجێ بکرێت و پێشێل نەکرێت، بۆیە گەشبینین لە هەنگاوی یەکەمدا و سەرۆک بارزانییش دەست بۆ ھەر شتێک ببات ئەنجامی دەبێت و پێویستە ئێمە ئامادەکاری بۆ پەیامی سەرۆک بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین ھەنگاوی باش بنێین بۆ پاشەڕۆژی نەتەوەی ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان، چونکە ئەمەریکی و فەڕەنسییەکان ھەوڵ دەدەن بگەینە رێککەوتن، بەڵام ئەم پەیامەی سەرۆک بارزانی زۆر گرنگە، بۆیە ھیوادارین بە ھاوکاریی لایەنی نێودەوڵەتیش بگەینە رێککەوتن.
سەرۆکی ئەنەکەسە باسی لەوەش کرد، پێویستە ھەر لایەنێک ھەندێک سازش بکات، بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن و ئێمە پێشتر رێککەوتنمان ھەبوو، پێویستە لەمەودواش رێککەوتن دروست بێت و ھەندێک خاڵی متمانە لە نێوانماندا ھەبێت و لایەنێکیش هەبێت، بۆ ئەوەی گەرەنتی ھەبێت رێککەوتن جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئێستا ھیوادارین بە ھاوکاریی سەرۆک بارزانی و لایەنی نێودەوڵەتی، ئەو متمانەیە دروست بێت و رێککەوتن بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




