نێچیرڤان بارزانى لهگهڵ سهید عهممار ئهلحهكیم كۆبووهوه

بەغدا-KDP.info- ھەر لە درێژەی بەرنامەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/١/١٣ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەید عەممار ئەلحەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، گرنگیی بەھێزکردنی تێگەیشتنی نیشتمانیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و پێویستیی کاری ھاوبەشیان تاوتوێ کرد بۆ دەستەبەرکردنی بەشداریی ھەموو پێکھاتەکانی وڵات لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا. لەمبارەیەوە ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پابەندیی بە دەستوورەوە وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی پرسە ناکۆکەکان و بەدیھێنانی دادپەروەری لەنێوان پێکھاتەکانی وڵاتدا.
ھەروەھا ھەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی یەکخستنی ھەوڵەکان کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە سیاسی و ئابوورییەکانی بەردەم وڵات، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بنیاتنانی دیدگایەکی یەکگرتوو کە پشتگیریی سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراق بکات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسیان لە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کرد و جەختیان لە برەودان بە ھاریکاری و ھەماھەنگیی ھاوبەشی لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی، بەسەر وڵاتەوە.





