٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق کۆبووەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- لە درێژەی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لە بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٠٢٥/١/١٣ نێچیرڤان بارزانی،‌ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕایان دەربارەی دۆخی عێراق بەگشتی گۆڕییەوە و گرنگیی ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتدا، بەتایبەتیش کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تاوتوێ کران.

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی ڕۆڵی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە پشتبەستن بە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە خزمەتی بەرژەوەندی و سەقامگیریی وڵات بکات.

ھەر لەمبارەیەوە بەڕێزیان سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی ئەنجوومەن و دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لە پشتگیری و سەرخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووپات کردەوە و ستایشی کار و ڕۆڵی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنی عێراقی کرد. ھەروەھا داوای کرد دەسەڵاتی دادوەری ڕۆڵی خۆی لە دابینکردنی ماف و شایستە دارایییەکانی ھەرێمی کوردستاندا بگێڕێت.

لای خۆیەوە، دادوەر فایەق زێدان جەختی لەسەر گرنگیی سەروەریی یاسا لە چارەسەرکردنی پرسە نیشتمانییەکان کردەوە، ھەروەھا ئاماژەی بەوە کرد کە دەسەڵاتی دادوەری ھەمیشە ھەوڵ دەدات فاکتەرێک بێت بۆ نزیکبوونەوەی نێوان لایەنە جیاوازەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار