پەیامێکی گرنگی مەسروور بارزانی گەیاندرایە بەغدا

بەغدا-KDP.info- بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، داوای کردووە مافی مووچەخۆرانی هەرێم تێکەڵ بە بابەتی دیکە نەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە بەغدا سەردانی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراقی کرد، لەو سەردانەشدا سڵاو و ڕێزی مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕاگەیاند، دواتر بە وردی باسی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان لەگەڵیان کرد.
ڕێباز حەملان ئاماژە بەوە دەکات، لەسەر بوودجەو مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت، داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق کردووە هاوکار و هەماهەنگ بێت بەپێی دەستوورو بەپێی یاسایی بوودجە و دابینکراوەکانی هەرێم، هاوکات بەپێی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی مووچەو هاوتاکردنی خانەنشینی و تۆمارکردنی فەرمانبەران و مووچەخۆران لەو بانکانەی لە هەرێمی کوردستانن و مۆڵەتی بانکی ناوەندی عێراقیان هەیە، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و مافی مووچەخۆرانی هەرێم تێکەڵ بە بابەتی دیکە نەکرێت.




