سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵ كۆبووه‌وه

به‌غدا-KDP.info- به‌یانیى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2025/1/13 له به‌غدا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ به‌ڕێز دادوەر جاسم محەمەد، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیى عێراق، کۆبووەوە.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گرنگیی ڕۆڵی دادگای فیدراڵی لە چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کرا، هەروەها جه‌خت له پابه‌ندبوون به دەستووری عێراقه‌وه كرایه‌وه، وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى بۆ ڕۆڵى گرنگى دادگاى باڵاى فیدراڵى له ئه‌نجامدان و سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و هاوكارى و یارمه‌تیدانى له چاره‌سه‌ركردنى پرسه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌تایبه‌تیش له پرسى مووچه و شایسته داراییه‌كاندا دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها ڕۆڵى دادگاى له پاراستنى پرۆسه‌ى دیموكراسى له وڵات، به‌رز نرخاند.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی هاوکاریی نێوان دەسەڵاتە دادوەرییەکان و دامەزراوە فیدراڵی و هەرێمییەکاندا کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان له‌سه‌ر بنه‌ماى یاسایی و دەستووری بە جۆرێك کە بەهێزکردنی سەقامگیریی نیشتمانی و پاراستنی سەروەریی یاسا، دەستەبەر بکات.
کاریگەرییەکانی دۆخی ناوچه‌كه و گرنگیی بەدوورگرتنی عێراق لە ئاڵۆزییه‌كان و جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.




