٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٥/١/١٢ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دوای گەییشتنی بە بەغدا، بەشداریی لە کۆبوونەوەی ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا کرد کە بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع ئەلسوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ و د. مەحموود ئەلمەشھەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە چوو.

نێچیرڤان بارزانی، وێڕای جەختکردنەوە لە ماف و شایستە یاسایی و دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، ستایشی ڕۆڵی سەرۆکوەزیران ئەلسوودانی کرد کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کاری کردووە بۆ لێکگەیشتنی ھەولێر-بەغدا و ھیوای خواست ھەموو پرسەکان بە گفتوگۆ، چارەسەر بکرێن‌. ھەر لەمبارەیەوە بڕیارە ھەردوولا سبەی کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن.

ھەروەھا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕوانگە و کار و ڕۆڵی سەرۆکوەزیران ئەلسوودانی، بۆ برەودان بە پێگەی عێراق و پتەوکردنی‌ پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش، بەرز نرخاند.

لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە پێویستیی‌ پشتگیریی ھەموو لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت لە ھەموو بوارەکاندا کرایەوە، ھەروەھا پشتگیری لە چاکسازییە دارایی و ئابوورییەکانی حکوومەت کرا‌، جەختیش کرایەوە کە ھیچ ھەڵوێستێکی سیاسی لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستاندا نییە، جگە لە پرسە تەکنیکییەکان، ئەوەش دەکرێت لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکگەیشتنەوە، چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.

ھاوپەیمانییەکە داوای کرد عێراق بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگاری و ڕووداوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا بکات کە بەرژەوەندیی عێراق بپارێزێت و لە ململانێ و قەیرانەکان بەدووری بگرێت، ھەروەھا باس لە دۆخی سووریا کرا و ئامادەییی عێراق بۆ پشتگیری لە گەلی سووریا دووپات کرایەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، سەردانە فەرمییەکانی سەرۆکوەزیران ئەلسوودانی بۆ کۆمەڵێک وڵاتی دۆست و چەند پرسێکی دیکە، تاوتوێ کران.

هەواڵی پەیوەندیدار