فراکسیۆنی پارتی: لەگەڵ یەکێتی بۆ زانینی ڕاستییەکان بەشداریمان کرد

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، باسی وردەکاریی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەکات و دەڵێت، کۆبوونەوەکە زۆر گرنگ و مێژوویی بوو، چونکە پەیامی ھەرێمی کوردستان بە بەغدا دەگەیەندرێت و پێویستە ئەمساڵ بەغدا مووچەی مووچەخۆران وەکو خۆی مانگانە ڕەوانە بکات.
د. ڤیان سەبری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ لایەنەکان زۆر گرنگ و مێژوویی بوو بەھۆی ئەوەی ماوەی چەندین ساڵە حکوومەتی عێراق مامەڵەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دروست نییە و ئێمەش وەکو فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی بەشداریمان لەو کۆبوونەوەیەدا کرد، بۆ ئەوەی گوێبیستی ڕاستییەکان بین لەبارەی ھەموو ئەو پرسانەی ھەن و بەتایبەت زۆر پرس لە راگەیاندن باس دەکرێن لە ھەرێم و عێراقیش، بۆیە عێراق مامەڵەی لەگەڵ ھەرێم بە شێوەی ھەرێمی و فیدراڵی نەبووە و بگرە وەکو پارێزگا مامەڵەی کردووە و کەمتریش.
سەبری گوتیشی، گرنگە بۆ ئەمساڵ پلانی خۆمان ھەبێت و ئەوەی لە ساڵی ڕابردوو ھەبووە پچڕ پچڕ مووچە نێردراوە، دووبارە نەبێتەوە، بڕیاریش درا سێ شت بکرێت، پێویستە لەو ماوەیەدا ھەمواری بودجە بکرێت و خشتەی بودجە و بڕگەکانی یاسای بودجە بەهەند وەربگیرێن، چونکە بڕگەی تایبەت بە نەوت خوێندنەوەی دووەمی تا ئێستا بۆ نەکراوە و خشتەکانیش پێویستە گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، ناکرێت وەکو ساڵانی پێشوو بێت، کە ناشێ تەنیا مووچە خەرج بکرێت و پێویستە پشکی ھەرێم لە بودجەی وەبەرھێنان سەرف بکرێت، کە عێراق ساڵی ڕابردوو ٢٢ ترلیۆن دیناری لە بودجەی وەبەرھێنان سەرف کردووە، کەچی پشکی ھەرێمی نەداوە تەنانەت یەک دیناریش.
دەشڵێ، ئەولەویەتی ئێمە لە ساڵی ٢٠٢٥دا گەرەنتیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەبێت و دواتریش خشتەکانی بودجە پەسەند بکرێت و بڕگەکانی بودجەش ھەموار بکرێتەوە بەپێی خەرجییەکانی ھەرێم، نەک بەپێی میزاجی ئەوان و بۆ ساڵی داھاتوو پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجە دیاری بکرێت، نەک تەنیا مووچە ڕەوانە بکرێت، بۆیە وەزیرەکانی کورد پەیامی ھەرێمی کوردستان بە حکوومەتی عێراق دەگەیەنن و سەرەتاش لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆدەبنەوە و پەیامەکەی پێدەگەیەنن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەش دەدات، لە ساڵی ڕابردوودا لە کۆی سەرفکردنی ١٢٢ ترلیۆن دینار لە عێراق، تەنیا ١٠ ترلیۆن و ٢٦ ملیار دینار بۆ ھەرێم ڕەوانە کراوە، تەنانەت بودجە نادەن بە پارێزگاکانی خۆشیان، ئەمەش جێگەی پرسیارە کە ئەو ھەموو پارەیە چیی لێهاتووە.
ڤیان سەبری باسی لەوەش کرد، بەغدا تا ئێستا نە ھاوکاریی پێشمەرگە دەکات و نە ئاوارەکان و نە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوانیش دەکاتەوە، کە پێوستە بەپێی دەستوور قەرەبوو بکرێنەوە، بۆیە بەغدا خۆی نەوتی ھەرێمی ڕاگرتووە کە بۆریی نەوتی ھەرێمی کوردستان نەک تەنیا نەوتی ھەرێم، بگرە نەوتی کەرکووکیشی بۆ دەرەوە تێدا ڕەوانە دەکرێت، بۆیە ئەوەی ھەیە کێشەیەکی سیاسییە و پێویستە چارەسەر بکرێت، ئەگەرنا دادگای فیدراڵی بڕیار دەدات، کە بەداخەوە دێن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری دێنن و لە قازنجی ھەرێم بەکاری ناھێنن، بۆیە یەکھەڵوێستیی کورد لە بەغدا زۆر گرنگە و ھەر کاتێک وەک کورد یەکھەڵوێست بین، ئەنجامی دەبێت و پێشتریش ھەر کاتێک یەکھەڵوێست بووبین، لە قازانجی کورد بووە.
بڵند ئیبراھیم




