عه‌لی حسێن دیدگای پارتی بۆ قۆناغی داھاتوو خسته‌ڕوو

شاره‌زوور-KDP.info- عه‌لی حسێن ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له سنووری شاره‌زوور-پێنجوێن ڕایگه‌یاند، كه قۆناغه‌كه پێویستی به ڕێكکه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان هه‌یه، جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه پارتی ڤیتۆی له‌سه‌ر هیچ کەسێک نییە و پره‌نسیپی سه‌ره‌كیی پارتی بریتییه له یه‌ك هه‌رێم، یه‌ك حكوومه‌ت، یه‌ك هێزی پێشمه‌رگه و یه‌ك په‌رله‌مان.
له کاتێکدا پرۆسه‌ی پێک‌ھێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی ھه‌رێمی کوردستان له‌م تەوقیتە زەروورەتێکی گرینگە، چاوه‌ڕوانییه‌کان بۆ گه‌یشتن به ڕێککه‌وتنێک لەسەر پێک‌ھێنانی کابینە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بەھێزن، پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌ک براوه‌ی یه‌که‌می ھه‌ڵبژاردنه‌کان، په‌یامێکی ئه‌رێنی و نه‌رم ئاراسته‌ی ھه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌کات. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، عه‌لی حسێن، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی، له سه‌ردانێکیدا بۆ سنووری شاره‌زوور و پێنجوێن، لە کۆبوونەوەیدا بۆ کادیران و بەرپرسانی پارتی لەو سنووە چه‌ند په‌یامێکی گرنگی له‌باره‌ی دیدگای پارتی بۆ قۆناغی داھاتوو و چۆنیه‌تی پێک‌ھێنانی حکوومه‌تی نوێ خسته‌ڕوو. ئه‌م په‌یامانه له کاتێکدا دێن که کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاریی گرنگ له ناوچه‌که‌دا ڕووده‌ده‌ن و پێویستی به ھه‌ڵوێستی یه‌کگرتووی کوردستانی ھه‌یه.
عه‌لی حسێن ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایگەیاند، "ئه‌م قۆناغه‌ی كوردستان پێویستی به ڕێكکه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان هه‌یه، ده‌بێ ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه هه‌ڵگرین، گرینگ و پێویسته لایه‌نه‌كان به‌پێی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردن له پرۆسه‌ی دانوستانه‌كان مامه‌ڵه بكه‌ن، ئێمە ڤیتۆمان له‌سه‌ر كه‌س نییه و پره‌نسیپی سه‌ره‌كی ئێمه بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، بریتییه له زه‌رووره‌تی یه‌ك هه‌رێم، یه‌ك حكوومه‌ت، یه‌ك هێزی پێشمه‌رگه و یه‌ك په‌رله‌مان، ئه‌مانه ئه‌سڵی بنه‌ڕه‌تین بۆ پارتی، بۆ ئه‌وه‌ی ئیراده‌یه‌كی سیاسی هاوبه‌شی وامان هه‌بێت له ئاستی ئه‌گه‌ره‌كانی داهاتوو بێت و حكوومه‌تێكی یه‌كگرتوو و به‌هێز هه‌بێت تا به‌بێ جیاوازیی خزمه‌تی هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كان بكات، خه‌ڵكی پێنجوێن و شاره‌زوور قوربانی زۆریان داوه و شایانی خزمه‌تن".
ناوبراو باسی سه‌ردانی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی بۆ توركیا كرد و گوتی، "سه‌ردانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ توركیا له‌سه‌ر ئه‌ساسی بانگهێشتی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌تی توركیا بووه، خۆتان ده‌زانن له ناوچه‌كه گۆڕان له ئارادایه و هه‌رێمی كوردستانیش هاوسنووره له‌گه‌ڵ توركیا و په‌یوه‌ندی سیاسی و ئابووریمان هه‌یه، به تایبه‌تی ده‌بینین له سووریا ئاڵوگۆڕ هاتووەته ئاراوه، هه‌رێمی كوردستان پێویستی به هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر هەیە بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان".

سه‌لاح جه‌لال




