ئەرێ كورد تۆزێكیش بۆ ئەم رۆشنبیرانەی ئێمە شەڕ ناكات؟
سالح تۆنا
چەندین جار لەم گۆشە تایبەتییەی خۆمدا لە سەر ئەوەی كە چەندە لە دژی بەكار هینانی وشەكانی كورد و تورك و جیا كردنەوەی ئەم دوو وشەیەم بابەتم نووسیوە. ئەنتەگرە كردنی ئەتنیسیتەكان هیچ مانایەكی بێجگە لە پارچە كردنی میللەت نییە. بە پێ چەندین پیوەری سیاسی و چەندین رۆشنبیر تەنیا كورد بوون بۆ ئەوەی كە كوردایەتی بكەی بەس ناكات و كورد بوون بۆ ئەوەی كە ببی بە كورد بەس ناكات.
ئەگەر لە دایكێكی كورد و باوكێكی كوردیش لە دایك بووبی یا كوڕە كوردێك بی بەڵام ئەگەر رە چاوی چەندین پیوەری سیاسی و وەسفە سیاسییانە كە دەستنیشان كراون نەكەی ئەوا مافی كورد بوونت لە دەست داوە.
دەزانن لە رابردوودا توركە سپییەكان بەو كوردانەی كە لە نێو شارەكاندا ژیانیان نەكردووە وتوویانە كۆڕو. ئێستایش رۆشنبیرەكانی ئێمە ئەو هاووڵاتییە كوردانە كە سیاسی نین یا هیچ عەلاقەیەكیان بە سیاسەتەوە نییە وەكو كورد هەژماری ناكەن جا با حەفت پشتی كورد بێت و لە گوندێكی كوردیدا تەنانەت بۆ جارێكیش نەچووبێتە شوێنێكی دیكە.
رۆشنبیرەكانی ئەم دواییەی توركیا بۆ ئەوەی كە كەسێك وەكو كورد هەژمار بكەن یا خۆ بڵێن فلان كەس كوردە، مەرجێكیان داناوە و ئەویش ئەوەیە كە دەبێت كوردەكان سیاسی بن یا خۆ فڵان كەس بۆ ئەوەی كە وەكو كورد هەژمار بكرێت دەبێت سیاسی بێت یا خۆ پولیتیزە كرابێت.
خاڵێكی دیكەی سەرنج راكێش ئەوەیە كە كوردێك ئەگەر ئەندامی ئاكەپەیش بێت بە كورد حەساب ناكرێت و ئەندام بوونی كورد لە نێو ئاكەپەیشدا لە لایەن رۆشنبیرەكانی ئێمەوە وەكو ئەوەی كە هیچ ئاگای لە سیاسەت نەبێت شرۆڤە دەكرێت.
شتی گرنگ بە لای رۆشنبیرەكانی توركیاوە ئەو پێناسە و مەرجانەیە كە بۆ كورد بوون دەستنیشانیان كردوونە، ئەگەر خاوەنی ئەم مەرجانە نەبی ئەوا كورد بوونت هیچ ماناو و اتەیەكی نییە.
نازانم لە بیرتانە یا نە كاتێك كە لە ساڵی 2011دا پەكەكە بەرپرسێكی ئاكەپەی ناوچەی حەكاری رەفاندبوو. دواوی مانەوەی بۆ ماوەی 15 رۆژ لە دەستی پەكەكەدا ئازاد كرا و دوای ئازاد كردنی بە چەند رۆژ وازی لە ئاكەپە هێنا و چووە نێو رەفەكانی بەدەپەیەوە. ناوبراو بۆ خۆیشی كورد بوو. تا ئەو كاتەی كە لە نێو رەفەكانی ئاكەپەدا بوو كەس نەیدەگوت كوردە، بەڵام كە لە لایەن پەكەكەیەوە ئازاد كرا و بوو بە ئەندامی بەدەپە ئەو كاتە رۆشنبیرەكانی توركیا ئاماژەیان بەوە كرد كە پەكەكە كوردێكی دیكەی بە دەستەوە هێنا.
لێرەدا لە ئێوە دەپرسم ئایا تا ئێستا بینیوتانە كە لە توركیا هیچ كەس یا خۆ هیچ بەرپرسێكی سیاسی توركیا لە دژی ئەم رۆشنبیرانە هەڵوێست بنوێنێت؟ ئایا بینیوتانە كە ئەم رۆشنبیرانە رۆژێك لە رۆژان لە لایەن پەكەكەیەوە رەخنەیان لێ بگیردرێت.
لە نێو ئاكەپەیشدا چەندین رۆشنبیری كورد هەیە بەڵام هیچ كەس وەكو كورد هەڵسوكەوتیان لەگەڵ ناكات.
بە پێ بیروڕای زۆربەی هەرە زۆری ئەم رۆشنبیرانە ئەندام بوون لە ئاكەپەدا دەبێتە هۆكاری لە دەست دانی مافی كورد بوون، بەڵام ئەگەر ئەندامی ئاكەپە بیت و لە چوارچێوەی دیاریكراوی دەستی رۆشنبیرەكانی توركیا سەیری رووداو و مەسەلەكان بكەی ئەو كاتە یا دەكەویتە نێو چینی كوردانی باشەوە یا نێو چینی كوردانی نەباشەوە.
بۆ نموونە ماوەیەك لەمەوبەر نووسەری ناوداری تورك جەنگیزچاندار كە بۆ ماوەیەك لەگەڵ سەرۆككۆماری توركیا كە بۆ خۆی كورد بوو ( تۆرگۆت ئۆزاڵ) وەكو راوێژكار كاری كردووە، بابەتێكی لەسەر پارلەمانتار و كوردە رۆشنبیر و نووسەرەكانی نێو ئاكەپە نووسی بوو و لەم بابەتەی خۆیدا جەنگیز چاندار كوردی دابەشی دوو چینی باش و خراب كردبوو. ئەوانەی كە لایەنگری پەكەكە و بەدەپەن و لە بواری سیاسیدا چالاكن و پارێزگاری لە مافی كورد دەكەن لە چینی باشدا جێگایان پێ درابوو، بەڵام كەسانی دیكە وەكو عەبدولرەحمان كورد و ئومید فرات و راغێب ئەنسارۆ ئوغڵۆ كە كوردە ناسراوەكانی نێو ئاكەپەن لە نێو چینی كوردی خرابدا جێگەیان بۆ كرابوویەوە.
نازانم ئەو رۆشنبیرانەی توركیا پیوەر و پیوانیان بۆ هاووڵاتی بوون چییە؟ بەڵام دەزانم كە وایان كردووە ئەو كوردانەی كە لە دەرەوەی پەكەكە و بەدەپەدا بن و خۆیان نزیكی ئەم دوو پارتییە نەكەنەوە كورد نین.
لێرەدا دەمەوێ بپرسم كە ئایا رۆشنبیرەكانی توركیا بە جیا كردنەوەی هاووڵاتییانی توركیا و دابەش كردنیان لە سەر چینی جیاجیا دەیانەوێ توركیا دیموكراتیزە بكەن و پشتگیری لە چارەسەر كردنی پرسی كورد بكەن؟
سەرچاوە: یەنی شەفەق




