46 ساڵ بهسهر ههوڵی تیرۆركردنی سهرۆك بارزانی تێدهپهڕێت

ھەولێر-KDP.info- دوای نسكۆی 1975، رژێمی بەعس، لە درێژەپێدانی خەباتی خەڵكی كوردستان دەترسا، بەتایبەتیش دوای بڵاوبوونەوەی دەنگوباسی سەركردایەتی كاتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆیە لە هەموو لایەكەوە ڕژێم كەوتە پەلاماردانی كورد، لهم ڕووهوه لە 8ی كانوونی دووهمی 1979 لە ئەوروپا، هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆك بارزانی دا. دوای نسكۆی شۆڕشی ئهیلوول، پارتی دیموكراتی كوردستان لەپێناو مافە نەتەوەییەكاندا، درێژەی بە خەبات داو، دەستی بە جموجۆڵ كردەوەو جارێكی دی خۆی رێكخستەوە، وێڕای جموجۆڵی ناوخۆی كوردستان بۆ پێكهێنانی سەركردایەتی كاتی، پارتی لە دەرەوەی كوردستانیش، بەتایبەتی ئەوروپا دەستی بە چالاكی كرد.
لهمبارهیهوه، سهرۆك بارزانی له كتێبی (بارزانی و برزووتنهوهی رزگاریخوازی كورد)، بەرگی چوارەم، 1975 - 1990، شۆڕشی گوڵان، بهرگی یهكهم، به درێژهی باس له رووداوهكه دهكات، ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان له یادی 46ـهمین ساڵهی ههوڵی تیرۆركردنهكهدا دووباره بڵاوی دهكاتهوه.
هەوڵی تیرۆرکردنم لە ڤیەننا
مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 1978، لە لەندەنەوە سەردانی ڤیەننامان کرد و لە بارەگای لق شوێنی مانەوەمان بۆ دەستەبەر کرا. لە ڤیەننا ڕۆژانە چاومان بە خەڵک دەکەوت سەبارەت بە ڕێکخستن و شۆڕش و ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی پارتی لە ئهورووپا.
دواتر بڕیارم دا، ڕۆژی 9ی کانوونی دووەمی 1979 سەردانی پاریس بکەم بە مەبەستی بینینی ئیمام خومەینی. من دهمویست چاوم به فارس باوە بکهوێ، کەسیش ئاگادار نەبوو کە ئێوارەی ڕۆژی 8ی کانوونی دووەمی 1979 چاوم بە فارس باوە دەکەوێت، چونکە پێشتر چەند جارێک داوای کردبوو بیبینم، بەڵام هەڤاڵان پێیان باش نەبوو ناوبراو ببینم. مەبەست لە دیدار لەگەڵ فارس باوە ئەوە بوو کە زانیاریم بۆ هاتبوو گوایە ناوبراو زانیاریی لەسەر ئەو کەسانە هەیە کە ساڵی 1975 لە نەغەدە تەقەیان لە مام (بابۆ) کردبوو و هەوڵی تیرۆرکردنیان دابوو(1). بۆیە هەوڵم دا فارس ببینم بۆ ئەوەی زانیاریی تەواو لەسەر ئەو کەس و بابەتەم بۆ باس بکات.
ئێوارەی ڕۆژی 8ی کانوونی دووەمی 1979 حەمە ڕەزا و ئازاد بەرواریم ئاگادار کردەوە کە پێکەوە سەردانی ماڵی پیرۆت ئهحمهد بکەین. لە ڕێگەدا پێم گوتن کە بەنیازم فارس ببینم. زۆر پێداگرییان کرد بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە، بەڵام بە قسەم نەکردن. کاک پیرۆت لە شوقەیەکدا ژوورێکی هەبوو تا نەگهیشتینە بەر دەرگای ئاگاداری چوونەکەمان نەبوو. لە ژوورەکەی بە کاک پیرۆتم گوت بە تەلەفۆن فارس ئاگادار بکەوە بۆ ئەوەی یەکتر ببینین. لەسەر داوای ئێمە تەلەفۆنی کرد و پێی گوت: «فارس تا ئێرە وەرە، چونکە پەیامی برادەرەکەم پێیە، بەڵام باسی نەکرد کە من لەو شوێنەم». دوای سی خولەک فارس و عەبدولخالقی برای خێزانی هاتنە لامان. لە دیدارەکەدا بەتەنیا لە فارسم پرسی، ئایا دەزانیت کێ ئەنجامدەری ڕووداوەکەی نەغەدەیە. ناوبراو سوێندی خوارد کە زانیاریی لەسەر نییە و منیش بڕوام کرد کە زانیاریی لەم بارەیەوە نییە.
دوای تەواوبوونی دیدارەکە خۆم ئامادە کرد بۆ ڕویشتن و پێم گوت، فارس با بڕوین. بەڵام ناوبراو سوێندی دام کە جارێ خۆمان بگرین، با برادەران سەیرێکی دەرەوە بکەن، دواتر بڕوین. هەریەکە لە حەمەڕەزا و ئازاد بهرواری و پیرۆت و عەبدولخالق چوونە دەرەوە و من و فارس باوه بەتەنیا ماینەوە. چەند خولەکێک دوای ڕۆیشتنی برادەران تەقە دەستی پێ کرد. لە کاتی چوونی هەڤاڵان بۆ خوارەوە ئۆتۆمبێلێکی باڵیۆزخانەی عێراق لە دەرەوە چاوەڕێی دەکردن. دوو کەس لێیان هاتنە پێشەوە و وایان زانیبوو کە کاک ئازاد منم و دەمانچەکەیان خستە سەر سەری. بەڵام خۆشبەختانە فیشەکەکە نەتەقی و چرووکی کرد. هەتا کەسەکە دهمانچهی سوار كردبووهوه هەڤاڵان چەند مەترێک لێ دوور کەوتبوونهوه، بەڵام تەقەکە بەردەوام بوو. دوای ئەم ڕووداوە هەڤاڵان گەڕانەوە ژوورەوە و کاک پیرۆت و کاک ئازاد بریندار بوون. حەمە ڕەزا دەمانچەیەکی دەنگیی پێ بوو، تەقەی کرد. هێرشبەرەکان وایان زانیبوو دەمانچەکەی ڕاستییە، بۆیە ڕایان کرد و هەوڵیان دا خۆیان ڕزگار بکەن. پیاوکوژەکان نەیانزانیبوو کە من هەر لە سەرەوەم، ئەگینا دەهاتنە سەرەوە و هەموومان دەکوژراین، چونکە هیچمان پێ نەبوو، تەنانەت چەقۆیەکیشمان لا نەبوو بتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین. دوای چەند خولەکێک پۆلیس هات و دەستیان بە لیکۆڵینەوە کرد و خۆم پێ ناساندن و دوای ناسین ڕێزێکی زۆریان گرتین و پاسەوانیان بۆ دابین کردین. لە لێکۆڵینەوەکەدا لێیان پرسیم ئایا سکاڵا لەسەر فارس تۆمار دەکەیت، گوتم نەخیر سکاڵا لەسەر ڕژێمی بەعس تۆمار دەکەم. دوای ئەم ڕووداوە، بەرنامەی سەردانەکەم بۆ پاریس گۆڕانی بهسهردا هات و نەکرا.
جێگەی ئاماژەپێکردنە، (بارزان)(2)ی برای سەددام، خۆی هاتبووە ڤیەننا بۆ جێبەجێکردن و سەرپەرشتیی پیلان و هەوڵی تیرۆرکردنەکەم. من دەمزانی کە ماوەیەکی زۆرە بوومەتە ئامانج و، لێدان، یان تیرۆرکردنم لە بەرنامەی ڕژێمدایە و بۆیان بکرێت و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت لە تیرۆکردنم دەست ناپارێزن. بۆیە منیش بەوریایی و لەسەرخۆ دەجووڵامەوە و لە هاموشۆ و بینینی خەڵکدا وردتر بووم و ئاگاداری خۆم بووم.
دوای ئەم ڕووداوە دەستبەجێ (هانی حەسەنی)، کەسایەتیی نزیکی یاسر عەرەفات، پاسپۆرتێکی نوێی بۆ ناردم و ڕێوشوێن و ئاسانکاریی پێویستی بۆ کردم. پێویست بوو پاسپۆرتەکە لە پاریس وەربگرم. بەڵام دڵشاد میران بۆی هێنامەوە نەمسا. دوای پرس و ڕاوێژ لەگەڵ باوکم دەرکەوت وا باشترە ئهورووپا بەجێ بهێڵم و بچمە بەیرووت و قوبرس، تا لەوێ هەندی دۆست و برادەر پارێزگاریم لێ بکەن.
ڕۆژی 12ی کانوونی دووەمی 1979 لەگەڵ عارف تەیفوور و دڵشاد میران لە ڤیەنناوە بەرەو ئەسینا بەڕێ کەوتین. لە قوبرس لەگەڵ کەریم شنگالی و کەسێک بە ناوی وەلید لە نووسینگەی عەرەفات یەکمان گرتەوە. هەموو ڕێکار و کارە پێویستەکان ڕهچاو کران و لە هۆڵی ترانزێتی ئەسینا دانیشتبووین و چاوەڕێی کاتی فڕینمان دەکرد کە لەناکاو بارزان تکریتی لەگەڵ دە دوازدە کەس هاتنە هەمان هۆڵ و جانتایەکیشیان پێ بوو کە وێ دەچوو چەکی تێدا بێت.
کاتی دانوستاندنەکانی ساڵی 1991 لە بەغدا، شەوێکیان بۆ ئێوارەخوانێک چووینە ماڵی تارق عەزیز، بارزان تکریتیش هاتبوو. کە لێم پرسی لە ئەسینا منت ناسییەوە، گوتی بەڵێ، بەڵام تۆ حەزت نەکرد قسەمان لەگەڵدا بکەیت. پێم گوت لە کاتێکدا تۆ بۆ تیرۆرکردنی من هاتبووی، چۆن دەبێ قسەت لەگەڵ بکەم؟ گوتی ئەوکات وا بوو، تەواو تەواو، ئەو سەردەمە بەسەر چوو.
سەرەتا بەنیاز بووم لە ڕێگەی پارتی لە سووریا و تورکیاوه بچمەوه کوردستان. بەڵام چونکە بارودۆخی ئێران بەتەواوی شڵەژابوو و حوکمی شا لەسەر مەرگ و ڕووخان بوو، بۆیە چاوەڕێم کرد. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە وەفا و هەڵوێستی جوامێرانەی ئەحمەد چەلەبی بدەم، چونکە لە کاتی مانەوەم لە قوبرس ناوبراو سەردانی کردم و ئامادەییی خۆی نیشان دا بۆ هەرجۆرە هاوکاری و یارمەتییەک. هەڵوێستێکی جۆامێرانە بوو و هێمای وەفاداریی ناوبراو بوو؛ لەیاد ناکرێت.
به مهبهستی تۆقاندن و ترساندنی پەنابەران، ڕژێمی بەعس لە ڕێگەی بەکرێگیراوانییەوە چەند کەسێکی لە ئێران تیرۆر کرد. لەم چوارچێوەیەدا ڕۆژی یەکی ئەیلوولی 1979 شێخە حاجی ڕەسووڵ(3) و لە ڕۆژی 9ی ئەیلوولی 1979دا عەبدولڕەحمان قازی(4) بە چاوساغیی محەمەد عیسا جاف و لەلایەن موخابەراتی عێراقییەوە تیرۆر کران.
پهراوێزهكان:
(1) یەكێك لەو ڕووداوانەی دوای نسكۆ زۆر كاری تێ كردم ڕووداوی تەقەكردن بوو لە ماڵی جەنابی (شێخ بابۆ)ی مامم، كه ڕۆژی27ـی ئایاری 1975 لە شاری نەغەدە لەلایەن چەند كەسێكەوە تهقهی لێ كرا. مام بابۆ هێمای پاكی و خواییبوون و بەها بەرزەكانی مرۆڤ بوو. ئەم ڕووداوە زۆر كاری تێ كردم، بە جۆرێك تەنانەت ئەگەر تەقە لە باوكم، یان محەمەد خالدیش كرابا هێندە دڵگران نەدەبووم. مامم، بابۆ، بۆ من لەگەڵ هەموو كەسی تر جیاواز بوو. دوای ئەم ڕووداوە هەوڵێكی یەكجار زۆرم دا بۆ ئەوەی تاوانباران بدۆزرێنەوە، بەڵام هیچ زانیارییەكمان لەم بارەیەوە دەست نەكەوت، هەتا ساڵی 1979. لەو ساڵەدا ئاشكرا بوو كە كەسێك بە ناوی (عومەر حەفتەوانە) دەستی لە تاوانەكەدا هەبووە. هەواڵگریی عێراق دوو كەسی خەڵكی دەڤەری باڵەكایەتیی ڕاسپاردبوو بۆ ئەو كارە. ئەوان شارەزای ناوچەكە بوون و خۆیان گەیاندبووە نەغەدە و ماڵی ماممیان دۆزیبووەوە كە كەوتبووە كەنارەكانی شاری نەغەدە و خۆیان گەیاندبووە نزیك ماڵەكەیان و تەقەیان لێ كردبوو. هەتا ساڵی 1979 كە لە بارەگای خۆمان بووین لە كەوپەڕ. بنكەیەكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیش لە گوندی خدراوا بوو كە نزیكەی دوو كیلۆمەتر لە بارەگامان دوور بوو. ڕۆژێكیان فڕۆكەیەكی ئێران بنكەی حیزبی دیموكراتی بۆردومان كرد، بەهۆیەوە عومەر حەفتەوانە كوژرا. عومەر خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوو، بەڵام ببووە پیاوی موخابراتی عێراقی و پیلان و بەرنامەكانی موخابراتی جێبەجێ دەكرد.
(2) بارزان ئیبراهیم تكریتی، لەدایكڕا برای سەددام حسێن بوو. ساڵی 1976 هەتا 1983 سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی گشتیی عێراق بوو. دواتر چەندین پلە و بەرپرسیارێتیی لە ڕژێمی بەعس پێ درا. لە دوای ڕووخانی ڕژێم دەستگیر كرا و لە دادگای تاوانەكان لەسەر قەزیەی دوجەیل حوكمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و لە 15ی كانوونی دووەمی 2007دا لەسێدارە درا.
(3) شێخە حاجی ڕەسووڵ خەڵكی گوندی قەمتەرانی دەڤەری بیتوێن بوو و لە شۆڕشی ئەیلوولدا پاڵپشتی شۆڕش و كەسێكی نزیك لە جەنابی بارزانیی نەمر بوو. لە یەكی ئەیلوولی 1979دا لەلایەن مخابەراتی عێراقییەوە لە شاری كەرەج تیرۆر و شەهید كرا.
(4) عەبدوڵڕەحمان محەممەد محەممەد قازی خەڵكی دەڤەری زێبار بوو. پلەی لیوای هەبووە و سەرۆكی دادگای شۆڕش بوو. لە نۆی ئەیلوولی 1979 لە لایەن مخابەراتی عێراقییەوە لە گەوهەر دەشتی كەرەج تیرۆر و شەهید كرا.




