٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری تەندروستی بۆ KDP: نەخۆشخانەی ڕزگاری دەبێتە نەخۆشخانەیەکی نموونەیی

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ڕزگاری لە ھەولێر دەستپێکراوە و ٢١ بەشی لێ نۆژەن دەکرێتەوە، لەناو سیاجی هەمان نەخۆشخانە نەخۆشخانە بۆ چەندین پسپۆڕی و سەنتەری دڵ و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لەڕێگەی ڕۆبۆت دروست دەکرێت". 

دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ڕزگاری لە ھەولێر دەستپێکراوە، لەو نەخۆشخانەیە ٢١ بەشی نۆژەندەکرێنەوە، وەکو ژێرخانی نەخۆشخانە لە ئاو و ئاوەڕۆ، ساردی و گەرمی، کارگەکانی ئۆکسجین، کینەر، سیستەمی ئەلکترۆنی، ئاگرکوژاندنەوە و سیتەمی دیکەی نەخۆشخانە، بەڵام نەخۆشخانەکە سەرەڕای ئەوەی نۆژەن دەکرێتەوە، بەڕووی ھاووڵاتییاندا کراوەیە و دانەخراوە، بۆ ئەوەی لە خزمەتی هاووڵتییان بەردەوام بێت". 

دکتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی، "بڕیارە لەناو نەخۆشخانەی ڕزگاری چەند بەشێکی تازە بکرێنەوە کە یەکەمین جارە دەکرێنەوە و دەکەونە خزمەت ھاووڵاتییانی خۆشەویست". 

وەزیری تەندروستی دەشڵێت، "لەناو حەوشەی نەخۆشخانەی ڕزگاری نەخۆشخانەیەک بۆ چەندین پسپۆڕی و سەنتەری دڵی گەوران و منداڵان و نەشتەرگەری لەڕێگەی ڕۆبۆت، ھاوشێوەی وڵاتانی جیھان دروست دەکرێت، نەخۆشخانەی ڕزگاری لە داھاتوودا لەڕووی باڵەخانە و بەڕێوەبردنیشەوە دەبێتە نەخۆشخانەیەکی نموونەیی". 

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار