یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان بۆ KDP: ناکرێت مووچە بۆ ململانێی سیاسی بەکاربێنن

ھەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان دەڵێت، بەپێی بڕیاری دادگایی فیدڕاڵی پێویستە مووچەی فەرمانبەران بۆ مەرامی سیاسی بەکارنەھێندرێت و مانگانە وەکو عێراق ڕەوانە بکرێت و بەدەربێت لە ململانێی سیاسیی.
دکتۆر ئەحمەد وەرتی، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی پێویستە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و بەغداش پابەندبن پێوەی، چونکە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان زەرەرمەند بوونەو پێویستە ئەوە ڕوون بکرێتەوە ھۆکار چیە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە ناکرێت، چونکە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت ئەمساڵیش گرفتەکان بەردەوام دەبن، لەبەر ئەوەی ناکرێت مووچە بۆ ململانێی سیاسی بەکاربێت و ھەر گرفتێک ھەبێت پێویستە چارەسەر بکرێت و بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیش نابێت مووچە بۆ مەرامی سیاسی بەکار بێت.
ئەحمەد وەرتی باس لەوەش دەکات، "پێویستە مووچەی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی عێراق مانگانە لەکاتی خۆی دابین بکرێت و ئەو ڕێککەوتنانەی لەنێوان ھەرێم و بەغدا جێبەجێ بکرێن و دادگای فیدڕاڵی یەکلای بکاتەوە ئایە بەغدا و هەرێم تاچەند پابەندی بڕیارەکانی ئەوان بوونە، چونکە هەردوولا یەکتر بە پابەندنەبوون بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و ڕێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکەن، ئایە بەغدا تاچەند پابەندی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بووە.
بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان دەشڵێت، "پێویستە دادگای فیدڕاڵی ئەوە یەکلایی بکاتەوە و ناکرێت مووچە ببێتە ھەواڵی بەپەلە، هەروەها ئەو پرسانەی جێگەی ناکۆکین لە نێوان ھەرێم و بەغدا بە گفتووگۆ و ڕێککەوتن چارەسەر بکرێت و مووچە بەدەر بکرێت لەمەرامی سیاسی، چونکە مووچە بۆ مەرامی سیاسی بەکار بێت مووچەخۆر باجەکەی دەدات و بڕیاری دادگای فیدڕاڵیش ئەوەیە نابێت مووچە بۆ ململانێی سیاسی بەکار بێت.
بڵند ئیبراھیم




