لە دھۆک دوو پارکی گەورە دروست دەکرێن

دھۆک -KDP.info- جێگری پارێزگاری دھۆک دەڵێت، "ئێستا لە پارێزگای دھۆک دوو پارک لە جێبەجێکردن دان، یەکێکیان دەبێتە یەکێک لە گەورەترین پارکەکان لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، کارکردن لە ھەردوو پارک بەردەوامە".
ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "لە پارێزگای دھۆک دوو پارک دروست دەکرێن، یەکێک لەسەر ڕێگای ئالۆکایە کە ٦٦٠دۆنم زەوی بۆ تەرخان کراوە، یەکێک دەبێت لە گەورەترین پارکەکان لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، ئەوەی دیکەش پارکی سەرھەڵدانە لە شوێنی پیشەسازی کۆنی دھۆک دروست دەکرێت، ئەویش نزیکەی ٥٠ دۆنم زەوی بۆ تەرخان کراوە".
جێگری پارێزگاری دھۆک گوتیشی "کارکردن لە ھەردوو پارک بەردەوامە و زیاتر کار لە پارکی سەرھەڵدان دەکرێت، ئەوەی دیکەش کاری تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی تەواو بکرێن و بکەونە خزمەت ھاووڵاتییانی خۆشەویست".
لای خۆیشییەوە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانی دھۆک، ئیسماعیل مستەفا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "کارکردن لە ھەردوو پارکی دھۆک بەردەوامە، ئەوەی سەر ڕێگای ئالۆکا لەسەر ڕووبەری ٦٦٠ دۆنم زەوی دروست دەکرێت، ئەوەیان ناوی پارکی گشتی دھۆکە، ئەوەی سەرھەڵدانیش لەسەر ٤٦ دۆنم زەوی دروست دەکرێت، هەردووکیان پارکی زۆر گرینگن بۆ پارێزگای دھۆک و بە تەواوبوونیان ڕێژەی سەوزایی لە دهۆک دەگاتە ٢٠%، و بەردەوام ھەوڵدەدرێت ڕێژەی سەوزایی لە دھۆک زیاد بکرێت".
ئیسماعیل مستەفا گوتیشی "بڕیارە ئەو دوو پارکە بەردەوام کاریان تێدا بکرێت تا تەواو دەکرێن کە سێ ساڵیان بۆ دانراوە".
بڵند ئیبراھیم




