نەجوە كاكەیی لەبارەی كێشەی جووتیارانی گوندی تۆبزاواوە بۆ KDP دەدوێت

کەرکووک-KDP.info- گێچەڵی سوپای عێراق بە داگیركردنی زەویی كشتوكاڵیی هاووڵاتیانی كورد لە كەركووك و دەوروبەری بەردەوامە و ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێ، بە یاسا ماف بۆ خاوەن ماف دەگەڕێنینەوە.
نەجوە كاكەیی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: لە گوندی تۆبزاوا 100 دۆنم زەوی هەیە لە سەردەمی حكوومەتی عێراقی پێشوو دراوە بە وەزارەتی بەرگری، کە پێی دەگوترێت بلۆكی 24 لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی 356.
کاکەیی گوتی: ئەو ناوچانە، ناوچەی ماددەی 140ی دەستوورن و تاكو ئێستا وەزارەتی بەرگری هیچ بڕیارێکی لێخۆشبوون یان گەڕاندنەوەی زەوییەکانی دەرنەكردووە بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان، لەکاتێکدا لە پاش پرۆسەی ئازادیی عێراق خاوەنە ڕەسەنەکانیان ڕۆیشتنەوە سەر زەوییەکانیان و دەستیان بە كشتوكاڵكردن كردەوە لە زەوییەكان و بیری ئاویان لێداوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی دابینکردنی بژێوی بۆ ماڵ و منداڵیان.
ناوبراو ئاماژەش دەدات: ساڵی 2014 ئەنجومەنی وەزیران دۆسیەی ئەو زەویانەی ناردووەتە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام نەتواندراوە لە بەرنامەی كاردا دابندرێت و بە یاسا ماف بۆ خاوەن ماڵ بگەڕێتەوە و بڕیارەكەی ئەنجومەنی سەورە هەڵوەشێننەوە.
دەشڵێ: لەم خولەی پەرلەماندا توانیومانە خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ یاساكە بكەین، بەڵام ئەم مەلەفی زەویانە لەگەڵ مەلەفی یاسایی ناسنامەی باری شارستانی و یاسای لێبووردنی گشتی تێكەڵ کراوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نەمانتوانیوە دەنگی كۆتایی لەسەر بدەین.
ڕوونیشی دەکاتەوە: بەردەوامین لەسەر ئەوەی بڕیارە سەپێندراوەكانی ڕژێمی پێشووی عێراق هەموویان هەڵبوەشێنینەوە و مافی ئەو زەویانە بگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتیانی ڕەسەنی كەركووك لە كورد و توركمان.
عەزیز ڕەسووڵ




